کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە کوردستان پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی دەکات

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی کرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا ڕایگەیاند،  پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان یەكێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین و بە خۆشحاڵیەوە دەڕوانینە بەرەوپێشچوونەکانی هەردوولا سەبارەت بە پرسی یەکخستنەوەی پێشمەرگە و رێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

دوێنێ یەکشەممە30ی تەمموز، شاندی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی و شاندی پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، بەمەبەستی تاوتوێکردنی چەند پرسێک بەتایبەتی پرسی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و رێککەوتن لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە دەباشان کۆبوونەوە.

لەدوای کۆبوونەوەکە، بەیاننامەیەکی پێنج خاڵی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا جەختیان کردەوە، لەسەر پشتیوانی کردنی هەردوولا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە،  وەلانانی کێشە و جیاوازیە بچووکەکانی نێوان هەردوولا لەپێناو خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

دەقی بەیاننامەکە:

– هەردوولا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین لەو کاتەی لەلایەن سەرۆکی هەرێم دیاریدەکرێت لە دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.

-بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان لە هەموو روویەکەوە کێشە و جیاوازییە بچووکەکان بەلاوە بخرێن و روو لە پێکەوە چارەسەرکردنی کێشەکان بکەین.

-بڕیارماندا پرۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام بێت.

– هەردوولا بڕیارماندا پشتیوانی لە رێککەوتنەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین.

– لە پێناو زیاتر لێکنزیکبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگاری و سەرکەوتن بەسەر کۆسپەکاندا بڕیارماندا بە رۆحیەتی کوردستانیانە و نیشتمانپەروەرانە بەردەوامی بدەین بە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکان و هەماهەنگیمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان.

 

 

 

 

 

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا