ئالان حەمە سەعید: زیاتر لە 15 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر لە خوێندنگە ناحكومییەكان دامەزراون

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: 15 هەزار و شەشسەد و شەست و چوار مامۆستا و فەرمانبەری دانەمەزراو هەلی كاریان بۆ ڕەخسێندراوە لە كەرتی خوێندنی ناحكومی.

وەزیری پەروەدەی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: هەموو ناوەندێكی خوێندنی ناحكومی دەبێت رێژەی مامۆستایانی هەمیشەیی (واتا ئەو مامۆستایانەی كە میلاكی خۆیانن و دانەمەزراون ) لە 80٪ كەمتر نەبێت ، وە 20٪ مافیان هەیە لە كۆی گشتیی مامۆستاكانیان ( ستافی وانەوتنەوە) لە مامۆستایانی میلاكی حكومی بن ، ئەوەش بە گوێرەی رێكارێكە كە دەبێت مامۆستای میلاكی حكومی كە دەیەوێت لە ناوەندێكی ناحكومی دەوام بكات بە یەكێك لەم سێ شێوازە بێت :

1. خواستن .

2. مۆڵەتی بێموچە.

3. پاش تەواوبوونی دەوامی ناوەندی خوێندنی حكومی.

ئالان حەمە سەعید وتی: لەم بابەتە وەزارەتی پەروەردە زۆر بەووردی كاری كردوە كە یاسا وەك خۆی جێبەجێ بكات ، ساڵی خویندنی 2022_2023 ، ژمارەی سەرپێچیكارانی ناوەندی خوێندنی ناحكومی 22 ناوەند بوون كە سزای ماددی لە 10 ملیۆن دینار تا 70 ملیۆن دینار و سزای كارگێریی پێویست گیراوەتەبەر بەرامبەریان بە گوێرەی رێژەی سەرپێچییەكەیان.

ئاماژەی بەوەشكرد دەمەوێت بە هەمووان ڕابگەیەنم لە رێگەی جێبەجێكردنی یاساوە ڕێگە لەوە گیراوە كەرتی خوێندنی حكومی فەرامۆش بكرێت و لە هەمان كاتدا دەرفەتی هەلی كاری زیاتر رەخسێندراوە لەكابینەی نۆیەم ، كە داتاكان بەم جۆرەن :

1. ژمارەی مامۆستایانی خوێندنی ناحكومی بریتین لە (12090) مامۆستا، ژمارەی مامۆستایانی هەمیشەیی كە دانەمەزراون و میلاكی خوێندنی ناحكومی خۆیانن بریتین لە (11524) مامۆستا و ژمارەی مامۆستایانی دامەزراوی حكومی بریتین لە ( 566) مامۆستا.

2. ژمارەی فەرمانبەرانی خوێندنی ناحكومی بریتین لە (4259) فەرمانبەر ، كە ژمارەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی ناحكومی كە میلاكی خۆیانن و دانەمەزراون بریتین لە (4140) فەرمانبەر ، وەژمارەی فەرمانبەرانی حكومی كە لە كەرتی ناحكومیش كار دەكەن بە گوێرەی یاسا ، بریتین لە (119) فەرمانبەری حكومی .

بەم جۆرە ئەوانەی كە دەرچووی دانەمەزراون لە كەرتی خوێندنی ناحكومی دەرفەتی كاركردنیان بۆ ڕەخساوە وەك مامۆستا و فەرمانبەر ژمارەیان بریتیە لە ( 15664 ) پازدە هەزار و شەش سەد و شەست چوار مامۆستا و فەرمانبەر لە كۆی گشتیی (16349) شازدە هەزار و سێسەد و چل و نۆ مامۆستا و فەرمانبەر لە كەرتی خوێندنی ناحكومی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا