پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
قوباد تاڵەبانی پەیامێكی پیرۆزبایی بۆ جەژنی قوربان بڵاوكردەوەو رایگەیاند، ئیسلام ئایین و شارستانیەتیشە و یەکێک لە جوانییەکانی کۆمەڵگای کوردی کە زۆرینەی ئەم باوەڕ و ڕێبازەی قبووڵ کردووە گیانە میانڕەوی و کراوەییەکەی بووە لەگەڵ ئایین و بیروباوەڕەکانی دیکە.
دەقی پەیامەكە
جەژنی قوربانی پیرۆز لە هەموو موسوڵمانانی جیهان و کوردستان بەتایبەت پیرۆز بێت. دڵمان لای حاجییانە پاش بەجێهێنانی ئەرکەکانی حەج بە سەلامەتی بگەڕێنەوە بۆ ناو ئازیزانی خۆیان.
ئیسلام ئایین و شارستانیەتیشە و یەکێک لە جوانییەکانی کۆمەڵگای کوردی کە زۆرینەی ئەم باوەڕ و ڕێبازەی قبووڵ کردووە گیانە میانڕەوی و کراوەییەکەی بووە لەگەڵ ئایین و بیروباوەڕەکانی دیکە. جێگای داخی زۆرە بەم دواییانە پێچەوانەی ئەو رەوتە مێژووییە ئاییندارییەی وڵاتەکەمان، لێرە و لەوێ هەواڵ و رووداو و کارەساتی ناخۆش و نامۆ بەکۆمەڵگاکەمان بەئاگامان دەهێننەوە و پێمان دەڵێن کە پێویستە بە هەموومان و هەریەک لای خۆیەوە هۆکارەکانی لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکەین.
پێویستە ئیلهام لە جەژن وەرگرین بۆ لێبوردەیی و ئاشتەوایی و زاڵکردنی گیانی یەکتر قبووڵکردن و ئەوەی ئێمەی کورد پێی دەڵێن «گەردن ئازادی».
جەژنی هەموو لایەک پیرۆز و حەجی حاجییان قبووڵ بێت و ساڵانی تر بە خۆشی و شادی زیاترەوە بگەڕێتەوە ناومان.