ئەو كەسەی سوكایەتی بە مەیمونێك كرد سزا درا

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە كە كەسێك ئازاری مەیمونێك دەدات، لیژنە هاوبەشەكانیش كەسەكەیان دۆزییەوەو بەپێی یاسا سزا درا.

رێكان جەمال، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، دوای ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڤیدیۆی كەسێك بڵاوبووەوە كە لەژێر پردەكەی سلێمانی ئازاری مەیمونێك دەدات، دەستبەجێ لیژنە هاوبەشەكان رێكاری پێویستیان گرتەبەرو كەسەكەیان دۆزییەوە، بەپێ مادەی حەوت لە یاسای رێكخستنی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵی و بێلانەكان بە پێبژاردنی ماددی سزا دراوەو بەڵێننامەی لێ وەرگیراوە كە كاری لەو جۆرە دوبارە نەكاتەوە.

ئاماژەی بەوەش كرد، كە هەر ئەمڕۆ هەڵماتێكیان بۆ مەیدانی ئاژەڵان (ژێر پردەكە) لە ناوبازاڕی سلێمانی ئەنجامداوەو دەستیان گرتووە بەسەر ژمارەیەكی زۆر باڵندەی كێویدا كە بەهیچ جۆرێك رێگە نادرێت مامەڵەیان پێوە بكرێت، دواتریش بە چاودێری پۆلیسی دارستان تەواوی ئەو باڵندانە لەناو باخی گشتی و پاركی هەواری شار بەردرانە ناو سروشتەوە.

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان وتیشی، هەر كەسێك مامەڵە بە باڵندەو ئاژەڵی كێوییەوە بكات بەپێی یاسا سزا دەدرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا