لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیادا چی ڕوودەدات؟

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

کەمال کلیچدار ئۆغڵۆ، ڕکابەری سەرەکی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ماوەبەسەرچووی تورکیا پەیمانیدا لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا ببێتە براوە، لەدوای ئەوەی ئەنجامەکان دەریانخست کە هیچ کام لە کاندیدەکان ڕێژەی %50ی دەنگەکانیان بەدەستنەهێناوە.

کلیچدار ئۆغڵۆ، سەرۆکی پارتی گەلی جمهوری بە رۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئەگەر بڕیاربێت خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەبچێت، بەدڵنیاییەوە تێیدا دەبینە براوە، وتیشی، “ئیرادەی گۆڕانکاری لەناو کۆمەڵگاکەمان زیاتر لە %50یە”.

بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی تورکیا، ئەردۆغان کە لەدوای ساڵی 2003ەوە لە دەسەڵاتدایە لە زیاد لە 10 هەڵبژاردنی نیشتمانیدا شکستی نەهێناوە، دەنگەکانی لەپێش رکابەرەکانییەوەیە، بەڵام هێشتا نەیتوانی ژمارەی دەنگەکانی بگەیەنێتە %50.

لە لێدوانێکدا بە دەنگی بەرز ئەردۆغان وتی، من لە قوڵایی دڵمەوە باوەڕم بەوەیە لە پێنج ساڵی داهاتوودا بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی گەلەکەمان، وتیشی، پارتەکەی لە پەرلەمان بەزۆرینەی ئاشکرا بردنەوەی تۆمارکردووە.

لایخۆیەوە ئەحمەد یەنار، سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان لە تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، کاندیدی هاوپەیمانی جمهور %49.40ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە کە ئەردۆغانە، کاندیدی هاوپەیمانی میللەت کەمال کلیچدار ئۆغڵۆ %44.96ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، ئەوەش لەدوای جیاکردنەوەی %99ی دەنگەکان.

ئەوەشی خستەڕوو، لەکۆی 192 هەزار و 214 سندوق تا ئێستا 192 هەزار و 187 سندوق جیاکراوەتەوە کە دەکاتە %99ی سندوقەکان.

بڕیارە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە 28ی ئەم مانگەدا بکرێت، ئۆپۆزسیۆنیش دەڵێت، پارتەکەی ئەردۆغان بەهۆی ڕەخنەگرتنەوە بەربەست دروست دەکات لەبەردەم ڕاگەیاندنی تەواوەتی ئەنجامەکان.

پێشتریش کلیچدار ئۆغڵۆ ڕایگەیاند، پارتەکەی ئەردۆغان ئیرادەی تورکیا لەناودەبات، وتیشی، ناتوانی بەم ڕەخنانە ڕێگری بکەی لەوەی ڕوودەدات، هەرگیز ڕێگە نادەین ئەمە ببێتە ڕاستی و پشت بەخوا دەبینن چۆن بەهار ڕوو لەم وڵاتە دەکاتەوە.

جێی ئاماژەیە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ڕابردووی تورکیا لە ساڵی 2018 ئەردۆغان دوای ئەوەی %52.5ی دەنگەکانی بەدەستهێنا بووە براوە.

بەگوێرەی ڕاپرسییەکان پێشتر ئەوە دەرکەوتبوو ئەو چینەی زیاتر دەنگ بە کلیچدار ئۆغڵۆ دەدەن چینی گەنجانن کە نزیکەی %10ی ژمارەی دەنگدەران پێکدەهێنن.

لەوبارەیەوە گەنجێکی تەمەن 18 ساڵ بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، “داهاتووی خۆم نابینم، ئەردۆغان دەتوانێت چەک و تانکی زیاتر دروست بکات و بنیادیان بنێت، من ناتوانم ڕێز لەوە بگرم لەکاتێکدا دینار لە گیرفانمدا نییە”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا