“هیچ لایەنێكی بەرپرس خۆی ناكات بە خاوەنی سنەوبەرەكان”

پۆڵەتیك پرێس

ڕۆژی یەكشەممە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر سوتانی دارستانی گۆیژە و دارسنەوبەرەكانی رێگای سلێمانی-تاسڵوجە كۆبووەوە.

بەپێی زانیارییەكانی پۆڵەتیك پرێس تا ئێستا هیچ لایەنێكی پەیوەندیدار خۆی نەكردووە بە خاوەنی دارسنەوبەرەكانی رێگای سلێمانی-تاسڵوجە.

كاسترۆ مەعروف ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: ئەو لیژنە كاتییەی بۆ پرسی سوتانی دارستانی گۆیژە و سنەوبەرەكانی گۆیژە پێكهێنرابوو راپۆرتی خۆی ئاراستەی ئەنجومەنی پارێزگا كردووە و بڕیارە ئەنجومەنی پارێزگا كۆبوونەوەیەك رێكبخات لەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو.

 

ناوەڕۆكی راپۆرتی لیژنەكە ئاشكراناكرێت

 

كاسترۆ مەعروف وتی: بڕیارمانداوە تا كۆبوونەوە نەكرێت ئەو راپۆرتە نەدەین بە میدیا چونكە ئەوە دەچێتە چوارچێوەی كۆبونەوەی ئەنجومەنەوە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگا ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو لیژنەیەی بۆ بابەتی بڕینەوە و سوتانی دارەكانی سنوری ناحیەی ناڵپارێز پێكهێنراوە ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحیە و سەرۆكی شارەوانی ناڵپارێزو بەڕێوەبەری هۆبەی دارستان و ژینگەی ناحیەكە كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا لەلایەن بەرپرسانی بانگهێشتكراو ئەو بەڵگانە خرایە ڕوو دەیسەلمێنێت ئەو كەسانەی هەستاون بە بڕینەوەی دارەكان رووبەڕووی دادگا كراونەتەوە.

 

لایەنە پەیوەندیدارەكان خۆیان ناكەن بە خاوەنی سنەوبەرەكانی رێگای سلێمانی-تاسڵوجە

لەلایەكی دیكەوە بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگاوە بە پۆڵەتیك پرێس دراوە، كێشەی سەرەكی لە لێكۆڵینەوە لە سوتانی دارەكانی رێگای-تاسڵوجە سلێمانی ئەوەیە تا ئێستا هیچ لایەنێكی حكومی لەوانە (قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی و شارەوانی و ژینگە و دارستان و باخچەكانی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ناحیەكانی تاسڵوجە و راپەڕین و شارەوانی ئەو دوو ناحیەیە) خۆیان ناكەن بە خاوەنی دار سنەوبەرەكانی ئەو سنورە.

لای خۆیەوە هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، رایگەیاند: لە دیوانی پارێزگادا بە ئامادەبوونی سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی بەدواداچوونی هۆكاری ئاگركەوتنەوە لە سنەوبەرەكانی سەر شەقامی سلێمانی- تاسڵوجەو وەرگرتنی زانیاری پێویست لەسەر ئەو پڕۆژانەی دەكەونە سەر شەقامی ناوبراو، پێشوازیكرد لە دەستەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان كە وەك لیژنەیەكی تایبەت بۆ لێكۆڵینەوە لەم بابەتە سەردانی پارێزگای سلێمانیان كردبوو.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا