پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
باسم خەشان پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت، “وەزارەتی تەندروستی بەڕێژەیەکی زەبەلاح و بەنرخی دوو هێندە دەمامکی هەناسەی دەستکردی کڕیوە و بەهای ئەو مامەڵەیە 100 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە”.
باسم خەشان لەسەر مامەڵەیەکی وەزارەتی تەندروستیی عێراق هاتەدەنگ و ڕایگەیاند، “لەکاتێکدا نرخی جیهانیی دەمامکێک لە سێ دۆلار تێپەڕناکات، کەچی وەزارەتی تەندروستی یەک دەمامکی بە 24 دۆلار کڕیوە”.
وتیشی، “ئەو ڕێژەیەی بەم نرخە کڕدراوە زەبەلاحە و تەنها بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی موسەنا 175 هەزار دەمامکی بۆ دابینکراوە و بەهاکەی یەکسانە بە شەش ملیار و 500 هەزار دیناری عێراقی، لەکاتێکدا ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە ساڵێکدا پێویستی بە کەمتر لە 300 دەمامکە”.
باسی لەوەشکرد، “بەڵگەنامەی ئەو مامەڵەیە هەیە و سکاڵا لەلای داواکاری گشتی تۆمارکراوە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی، تا دواتر لێپێچینەوە لەو کەسانە بکرێت کە موڵک و پارەی گشتییان بەهەدەرداوە”.
ئەوەشی خستەڕوو، “نەخۆشخانەکانی سەرتاسەری عێراق بەدەست کەمی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانەوە دەناڵێنن، بۆیە هیچ پێویست نییە پارەیەکی وا زۆر بە مامەڵەیەکی لەو شێوەیە بەفیڕۆبدرێت”.