بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و هەنگاوەکانی دواتر

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

مستەفا محەمەد

بڕیاری دادگای فیدراڵی لە بارەی نەناردنی بودجە و مووچەی هاووڵاتیانی هەرێم بەبیانووی دەستووریی نەبوون و هەڵوەشاندنەوەی هەموو بڕیارەکانی تایبەت بە بودجەی رەوانەکراو لە کابینەکانی پێشووی عیراقیشەوە بۆ هەرێم پێشهاتێکە کە ئەگەر بەزوویی پێکهێنەرەکانی حکومەت لەناو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت چارەسەری نەکەن، بێگومان کاریگەریی خراپی دەبێت بۆ پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و دیسانەوە کوتلە کوردستانییەکان لەناو نوێنەران و حکومەتدا دەخاتە بەردەم بژاردەی بایکۆت یا کشانەوە لەپڕۆسەی سیاسی عیراق.

دادگای فیدراڵی
دەکرێ بڵێین کە ئەم بڕیارە بە رێچکەی یاسایی بەڵام سیاسیانە دراوە، چونکە لەوەتەی دادگای فیدراڵی کە لە ساڵی «2005»ەوە بەپێی بڕیاری ژمارە «30» لە سەروبەندی کابینەکەی «ئەیاد عەلاویی»دا پێکهێنراوە، بەدرێژایی ئەو ماوەیە و نزیک بە  18 ساڵە بەبەرچاویەوە کابینە لە دوای کابینە ساڵانە لە بودجەی گشتی تەمویلی هەرێم دەکرێت، راستە بەبێ کێشە نەبووە و بڕەکەشی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، بەڵام تاکە بڕیارێکی لەو بارەیەوە دەرنەکردووە!
چەند هەنگاوێک هەن بۆ رێگریی لە بڕیاری دادگای فیدراڵی کە لێرەدا ئاماژە بە چەند دانەیەکیان دەکەین؛

یەکەم- ئێستا کە کورد لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا «ئەگەر یەک ئاراستەبن» کوتلەیەکی گەورەیە و دەکرێت لە گفتوگۆکانی ناو لیژنەکاندا، بەتایبەتی لیژنەی دارایی، بابەتی ناردنی بودجە کە یەکێکیشە لە خاڵە جەوهەرییەکانی ناو رێکەوتنی سیاسی ئیدارەی دەوڵەت، قسەی یەکلاکەرەوەی خۆی هەبێت و دەرچەیەکی یاسایی بۆ چارەسەری ئەو گرفتە بدۆزێتەوە، خۆ ئەگەر ئەمە بەدی نەهات، بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی تایبەت بە بودجە لەلایەن نوێنەرانی کوردەوە مانۆڕێکی باش دەبێت.

دووەم- وەک دەوترێت لەناو خودی داگاکەدا ریوایەتی جیاواز لەسەر بڕیارەکە هەیە و هەندێ لە یاساناسان پێیانوایە ئەم بڕیارە ناکرێت مووچە بگرێتەوە بەو بەڵگەیەی کە لە دەستووردا باس لە یەک پارچەیی عیراق کراوە و کوردیش هاووڵاتی عیراقین و مافی مووچە و ژیانی شایستەیان هەیە، دەکرێت لە رێگەی وتەبێژی رەسمی خودی دادگاکەوە سەرنجی راشکاوانە لەبارەی وردەکاریی بڕیارەکەوە وەربگیرێت کە ئاخۆ پرسی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتیش دەگرێتەوە یان نا؟

سێیەم- پەکخستنی کارەکانی دادگای فیدراڵیی لە رێگەی پەرلەمانی عیراقەوە یەکێکی ترە لە هەنگاوەکان کە ئێستا لایەنێکی کوردیی هەوڵی بۆ دەدات، بەڵام ئەمەشیان وا ئاسان نییە، چونکە بەپێی ماددەی «92»ی دەستوور، لەناو پەرلەماندا بۆ هەموارکردنەوە یاخود پەکخستنی دادگای فیدراڵی، پێویستە سێیەکی گەرەنتیکار بەدی بێت، لەم دۆخەشدا کۆکردنەوەی دەنگی پەرلەمان بەم رێژەیە ئەستەمە.

غیابی یاسایەکی تایبەت بە نەوت و غاز
چوارەم- ئەم بڕیارە لە غیابی یاسایەکی تایبەت بە نەوت و غازدا دراوە، کە بەدرێژایی نزیکەی 20 ساڵ کابینە یەک لەدوایەکەکانی عیراق خۆیان لێ دزیوەتەوە و رێگەیان بۆ دەرچوواندنی خۆش نەکردووە.هەروەها یەکێکی تر لەو پەیماننامەیەی کە کابینەکەی سودانی لەسەر پێکهێنراوە و  لایەنی کوردیی داوای کردووە، بریتییە لە دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز، راستە کە لە کارنامەکەی سودانیدا سەقفێکی زەمەنی دیاریکراوە و ئەگەری جێبەجێکردنی لە شەش مانگدا دەچێتە بابی مەحاڵەوە، بەڵام دەکرێت لایەنە کوردستانییەکان و بەتایبەتیش «یەکێتی و پارتی» زۆرترین هەوڵەکانیان بە ئاراستەی داڕشتنی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز بێت و  لەم بارەیەشەوە کۆدەنگی سیاسی لەناو شیعە و سوننەدا بۆ رێکبخەن.
پێنجەم- لە هەموو ئەمانەش پێویستتر یەکخستنی هەوڵەکانە لە نێو ماڵی کورددا بۆ ئەوەی بە وەفدێکی هاوبەشەوە دانوستان بکرێت، تا تێگەیشتنێکی هاوبەش لەگەڵ لایەنەکانی شیعە و سوننەدا دروست بکات کە دۆخەکە بەرەو هێوربوونەوە ببات، نەک بڕیارێکی لەو شێوەیە کە جیاوازییەکان فراوانتر بکات، بەجۆرێک کە لێدوانی ئاگرین لەدژی یەکتری کێشەکان رووەو ئاڵۆزیی زیاتر ببات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا