كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان لە بەغدا جەخت لە راگرتنی گرژییەکان دەکاتەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان لە بەغدا كۆتاییهات و لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا ئاماژە بەوە دراوە، هەڵبژاردنی پێشوەخت داواكارییەكی سەیر نییە، بەڵام پێویستە بە گوێرەی دەستوور هەڵبژاردنەكە بكرێت.

رۆژی چوارشەممە 17-08-2022 لایەنە سیاسییەكان بە سەرپەرشتیی بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق و مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران لە بەغدا كۆبوونەوە و رایانگەیاند، پێویستە سەرجەم لایەنەكان ئاڵۆزیی شەقام و راگەیاندن رابگرن، هەروەها داوا لە رەوتی سەدر بكرێت بەشداریی دیالۆگی نیشتمانی بكات.

بە گوێرەی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، ئەمڕۆ سێ سەرۆكایەتییەكە و لایەنە سیاسییەكان چەند خاڵێكیان تاوتوێكرد و هەمووان لەسەری یەكدەنگ بوون.
لە راگەیەندراوەكەدا پوختەی ئەو خاڵانەی لایەنەكان كۆدەنگ بوون لە بارەیانەوە خراوەتەڕوو. ئەمانەی خوارەوە خاڵەكانن:

یەكەم: لایەنە بەشداربووەكان كۆك بوون بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەموو كێشەكان، لە رێگەی گفتوگۆ و پشتبەستن بە گیانی برایەتی و پارێزگاری لە یەكپارچەیی عێراق و ئاسایشی گەلەكەی و سەقامگیری وڵات.

دووەم: بەشداربووانی كۆبوونەوەكە، ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد كە جارێكی دیكە پەنا بردنە بەر بۆ دەنگدان لە رێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە رووداوێكی نائاسایی نییە لە مێژووی ئەزموونە دیموكراسییەكاندا كاتێك قەیرانە سیاسییەكان دەگەنە بنبەست، و هێزە سیاسییە نیشتمانییەكان پەنا بۆ رێڕەوی دەستووریی و هەڵبژاردن دەبەن.

سێیەم: بەشداربووانی كۆبوونەوەكە داوایان لە برایانی رەوتی سەدر كرد، كە بەشداری لە گفتوگۆی نیشتمانی بكەن، بۆ ئەوەی ئالیەتی چارەسەرێكی هەمەلایەن دابنرێت، بە جۆرێك لە خزمەتی ئاوات و خواستەكانی گەلی عێراق و گەیشتن بە ئامانجەكانی بێت.

چوارەم: بەشداربووان لەسەر بەردەوامی دیالۆگی نیشتمانی رێككەوتن؛ بەمەبەستی داڕشتنی نەخشەڕێگای یاسایی و دەستووری بۆ چارەسەركردنی قەیرانی ئێستا.

پێنجەم: بەشداربووانی كۆبوونەوەكە داوایان كرد، هەموو گرژییە مەیدانی، میدیایی و سیاسییەكان رابگیرێن و جەختیشیان لەسەر پاراستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆی ئارام و دوور لە وروژاندن و هەراسانكردنی یەكدی كردەوە، كە لە رێگەیانەوە پشێوی و دووبەرەكی درووست دەبێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا