قوباد تاڵەبانی: دۆخی دارایی ئاڵۆزە و حکومەتی هەرێم فشاری لەسەرە

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، “دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان ئاڵۆزە و لەژێر فشارێکی زۆردایە، بەڵام هەوڵەکانمان بەردەوامە بۆ باشترکردنی دۆخەکە”.

ئەمڕۆ سێشەممە لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی جیهانیی بۆ حکومەتەکان لە ئیمارات قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، “بۆ ئێمە گرنگە بەشداربین لەم جۆرە کۆڕبەندانە، لەپێناو ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ وڵاتان و شاندە بەشداربووەکان”.

لەبارەی پێگەی هەرێم لەڕووی کەرتی وزەوە لە جیهاندا وتی، “نابێت دووبارە پەناببەینەوە بەر نەوت و گاز، ئێمە وەک هەرێم دەبێت دووربکەوینەوە لە نەوت و گاز، ڕاستە لە ئێستادا بەهۆی بارودۆخی جیهانەوە لە ئێستادا نرخی نەوت زیادیکردووە، بەڵام ئەگەر ئەمە ببێتەوەهۆی تەمەڵبوونەوەی ئێمە سبەینێ کە نرخەکە دابەزی تووشی کێشە دەبینەوە”.

باسی لەوەشکرد، “پشتبەستن بە نەوت وەکو تاکە سەرچاوەی داهاتی ئێمە هەڵەیەکی گەورەیە، دەبێت بیر لەوەبکەینەوە چۆن بواری ئەوە بدەین بازاڕ گەشەبکات و وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی لە بوارە جیاجیاکاندا پێشبخەین”.

جەختی لەوەشکردەوە، ئیمارات لەبەرئەوە سەرکەوتوو نییە کە نەوتی هەیە لەبەرئەوەیە کە سیستەمی حکومڕانییەکەیان سەرکەوتووە و دەبێت بیر لە شێوازی بەڕێوەبردن بکەینەوە و چۆن خزمەتگوزارییەکانمان و سیستمی حکومڕانیمان باشتر بکەین و سوود لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو وەربگرین.

دووپاتیشی کردەوە، “دۆخەکە ئاڵۆزە و حکومەتی هەرێمی کوردستان فشاری لەسەرە و دۆخەکە بە گشتی نالەبارە، وڵاتێکین پڕە لە کێشە و لە ناوچەکە و هەرێمیش بەهەمان شێوە پڕە لە کێشە. بۆیە دەبێت ئێمە رەچاوی ئەو دۆخە بکەین و دەشبێت ئارامییەکی ئابووری و سیاسیی بگەڕێنینەوە بۆ هەرێمی کوردستان”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا