فازڵ نەبی: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کاریگەری نەرێنی لەسەر نەوت و غازی هەرێم دەبێت

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی عێراقی فیدراڵ ڕایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر کۆمپانیاکان و نرخی نەوت و لەسەر هەموو شتێک کە پەیوەندیدارە بە مەسەلەی نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان.

لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمریکا فازڵ نەبی ئاماژەی بەوەکرد، “به ‌ڕاستی دوێنێ ڕۆژێکی ناخۆش بوو بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی ناکرێت تانەی لێبدرێت و هەڵبوەشێندرێتەوە،‌ بۆیە بەڕاستی لێدانێکی گەورەیە کە بەر ئابووری هەرێمی کوردستان دەکەوێت، لەبەر ئەوەی زیاتر لە 70-80% مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و خەرجی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان لە داهاتی نەوت و هەندێک لە گومرگ و باجەکانەوە دێت”.

لەبارەی ئەوەی ئایا ئەم بڕیارەی دادگا سەربەخۆیی ئابوری هەرێم لەناودەبات وتی، “لەوانەیە زۆرکەس ئێستا ئەو پرسیارەیان لێ بکەیت وەڵامەکەیان بەڵێ بێت، بەڵام من دەڵێم نەخێر چونکە مەسەلەی ئابوری سەربەخۆی هەرێمی کوردستان ئێمە زۆر بە هەڵە تێیگەیشتووین، سیاسەتمەدارانی ئێمە زۆر بە هەڵە تێیگەیشتوون، مەسەلەی سەربەخۆیی ئابوری ئەوە نییە ئێمە ئەمڕۆ بتوانین نەوتەکەی خۆمان بفرۆشین، نەخێر، ئێمە ژێرخانمان هەیە، هەر بڕیارێک دەربچێت یان هەر ڕێککەوتنێکی تر لەگەڵ بەغداد بکرێت ئەو کاریگەرە گەورەیەی لەسەر مەسەلەی سەربەخۆیی ئابوری هەرێمی کوردستان نابێت لە کاتی نەبوونی ژێرخان بەڵێ تووشی کێشە دەبین بەڵام زۆربەی ئەو چاڵە نەوتیانە لەناو هەرێمی کوردستانن واتە کۆنتڕۆڵمان لەسەری هەیە”.

وتیشی، “تەنانەت ئەگەر ڕادەستی یەکێکی تری بکەین یان لە ڕێگەیەکی ترەوە بفرۆشرێت یان ڕادەستی بەغدا بکرێت و لە ڕێگەی سۆمۆوە بفرۆشرێت کاریگەری نەرێنی لەسەر سەربەخۆیی ئابوری هەرێمی کوردستان نییە چونکە هەرێمی کوردستان هەتا ئەم ساتە دەوڵەت نییە بەڵکو بەشێکە لە عێراق مادام ژێرخانی ئابوری لە هەرێمی کوردستان هەیە هەر وەختێک کە ئومێدی هەر هەموومانە ڕۆژێکی گەشمان بۆ پەیدابوو، وە لەو ڕۆژە ڕەشانە ڕزگارمان بوو ئەو کاتە ئێمە ژێرخانی ئابوریمان هەیە و دەتوانین ئەو کات وەبەرهێنانی بکەین بۆیە با ترسمان لەوە نەبێت کە ئەوە گورزێکی ئابوری گەورە لە مەسەلەی سەربەخۆی ئابوری هەرێمی کوردستان دەدات”.

باسی لەوەشکرد، “هەر وەکو باسمانکرد بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بڕیارێکی کۆتاییە، بەڵام ئێمە زۆر ڕێگەچارەی ترمان هەیە لەگەڵ بەغدا، یەکێک لەوانە گەڕانەوەیە بۆ مەسەلەی بودجە ئەو بودجەیەی ساڵانی پێش 2017 هەمان بووە نەک ئەوانەی پاش ساڵی 2017، ئەگەر هاتوو ئێمە لەگەڵ بەغداد ڕێکبکەوین لەسەر هەندێک ڕێوشوێن لە مەسەلەی بودجە، بودجە بگەڕێتەوە وەکو خۆی، بەدڵنیاییەوە ڕێککەوتنی تر دێتەپێش ئەویش بۆ نموونە دانانەوەی قەرزەکانی سەر هەرێمی کوردستان یان دانەوەی قەرزی کۆمپانیاکان و حەقدەستی کۆمپانیاکانە کە بێگومان ئەوە مافێکی یاسایی هەرێمی کوردستانە کە داوا بکات لە بەغدا”.

ڕۆژی سێشەممە دادگای فیدڕاڵی عێراق دانیشتنی تایبەت بە دۆسیەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی سازکرد و تیایدا چەند بڕیارێکی دەرکرد کە یەکێکیان ئەوەبوو، “فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێم نادەستوورییە و لە دەرەوەی چوارچێوەی دەستووری عێراقدایە و دەبێت وردبینی تەواوی بۆ بکرێت”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا