ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان لەگرنگی فشارەكانی توركیاو روسیاو ئێران كەمدەكاتەوە

پۆڵەتیك پرێس:
ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان لەگرنگی فشارەكانی توركیاو روسیاو ئێران كەمدەكاتەوە، كە ماوەیەكە بۆ سەر رێككەوتنە نەوتییەكەی رۆژئاوای كوردستان‌و كۆمپانیا ئەمریكییەكە دەستیان پێكردووە.

بڕیارە بەم نزیكانە گەڕێكی نوێی كۆبوونەوەكانی ئەستانە دەستپێبكات، ئەوەش بە بەشداری نوێنەرانی روسیاو توركیاو ئێران‌و بەراوێژ لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا.

كۆبوونەوەكە بۆ تاوتوێكردنی دۆخی سوریایە بەگشتی، بەڵام تەوەرێكی كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆكردن دەبێت لەسەر رێككەوتنی ئیدارەی خۆسەری و كۆمپانیایەكی ئەمریكی لەسەر دۆسییەی نەوت لەرۆژئاوای كوردستان.

روسیاو ئێران‌و توركیاو رژێمی سوریاش هەر لەسەرەتاوە، دژایەتی خۆیان بۆ ئەو رێككەوتنە راگەیاندووەو بڕیاریشە لەكۆبوونەوەی داهاتووی ئەستانە هەڵوێستێكی هاوبەش لەو بارەوە رابگەیەنن.

نورشەن حسێن نوێنەری ئیدارەی خۆبەرێوبەری رۆژئاوای كوردستان لەبارەی ئەو هەوڵەوە بۆ “پۆڵەتیك پرێس” وتی: رژێمی سوریا ئیدارەی خۆسەری قبووڵ ناكات‌و ئاساییە ئەو رێكەوتنەش قبووڵ نەكات، چونكە رژێم سیاسەتێكی شۆفێنیست‌و دژ بەكوردی هەیە ئەوەش سیاسەتێكی سەربەخۆ نییە، چونكە روسیاو ئێران دەڵێن ئەم رێكەوتنە شەرعی نییەو ئەویش لەژێر كاریگەری ئەواندایە.

نورشەن حسێن وتیشی: ئیدارەی خۆبەرێوبەری رۆژئاوا بۆ بەرژەوەندی گەلی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەو رێكەوتنەی ئەنجامداوە.

 

ئیدارەی خۆبەرێوبەری رۆژئاوا بۆ بەرژەوەندی گەلی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەو رێكەوتنەی ئەنجامداوە

 

باسی لەوەش كرد ئیدارەی خۆبەرێوبەری هەمووكات دەرگای كراوەیە بۆ دانوستان لەگەڵ رژێم و ویستویەتی لەگەڵ رژێمی سوریا كێشەكان چارەسەر بكات، بەڵام رژێم ئەو رێكەوتنە ئەنجامنادات هەر لەبەر ئەوەشە ئیدارەی خۆبەرێوبەری ناچار بوو سیاسەتی خۆی بكات‌و هەنگاو بۆ رێككەوتنێكی لەو شێوەیە بنێت.

لەبارەی كۆنگرەی ئەستانەش، نوێنەرەكەی ئیدارەی خۆسەر دەڵێت: گۆنگرەی ئاستانە چەند گەڕێكی ئەنجامداوە، بەڵام لەئەجامدا هەر كۆمەڵكوژی گەلانی سوریای بەدوادا هاتووە لەبەر ئەوەی كورد و ئیدارەی خۆبەرێوەبەری بەشدار نابێت، بۆیە سەركەوتوو نابێت.

هەروەها جەختیكردەوە، كۆبوونەوەكەی ئەستانە ناتوانێت كاریگەری لەسەر رێككەوتنە نەوتییەكە دابنێت‌و لەبەرانبەر هەر سیاسەت و پیلانگێرییەكیشدا ئیدارە خۆبەرێوبەری تێكۆشان و سیاسەتی خۆی بەهێزتر دەكات.

گرێبەستە نەوتییەكەی رۆژئاوای كوردستان لە نێوان ھێزەكانی سوریای دیموكرات و كۆمپانیای (دەلتا كرێسنت ئینێرجی) ئەمریكیدا واژووكراوە، بۆ ماوەی ٢٥ساڵ لەكێڵگە نەوتییەكانی باكووری سوریا وەبەرهێنان دەكرێت‌و ئیدارەی ئەمریكاش راستەوخۆ پشتیوانی دەكات.

هاوكات هۆزان زوبێر رۆژنامەنووس‌و چاودێری سیاسی لەرۆژئاوای كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: راستە ئەو وڵاتانە بەرێكەوتنە نەوتییەكە رازی نابن، ئەوەش بە بیانووی پاراستنی یەكپارچەیی خاكی سوریا، ئەمەش شتێكی زۆر سەیر نییە، چونكە ساڵانێكە ئەو وڵاتانە دژایەتی كورد دەكەن لەسوریاو كاریگەرییەكی ئەوتۆیان نەبووە.

هۆزان زوبێر باسی لەوەش کرد، مەرجی سەركەوتنی هەر كۆبوونەوەیەك بەشداری سەرجەم لایەن و پێكهاتەكانی سوریایە، بۆ ئەوەی خواستی گەلانی ئەو وڵاتە لەگفتوگۆكان جێبكرێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا