پێشمەرگە گەیشتە یەكێك لە چیاكانی پەكەكە

پۆڵەتیك پرێس

فەرماندەیەكی پێشمەرگەی پارتی لە دهۆك رایدەگەیەنێت “لەئێستادا هێزەكانی زێرەڤانی گەیشتونەتە سەر چیای مەتینا و كۆنترۆڵیان كردووە و پەكەكەش لەسنورەكە نەماوە”.

سەرلەبەیانی دوێنێ شەممە 5ی حوزەیران، لەچیای مەتینا لەسنوری پارێزگای دهۆك بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان سوپای توركیاو هێزەكانی پەكەكە و هێزێكی پێشمەرگە ژمارەیەك پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون.

جەمال سیاری فەرماندەی پێشمەرگەی پارتی لە دهۆك بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند: “لەئێستادا هێزەكانی زێرەڤانی چونەتە سەر چیای مەتینا، كۆنترۆڵیان كردووە، لەئێستادا دۆخەكە ئاسایی بووەتەوە و پەكەكەش لەسنورەكە نەماوە”.

وتیشی “لیژنەی هەماهەنگی ئێمە پێشتر لەگەڵ پەكەكە گفتوگۆی كردبوو، كە ئەوان دێنە سەر چیای مەتینا و قسە لەسەر ئەوە كرابوو هیچ پێكدادانێك روونادات، بەڵام دواجار ئەو رووداوەی دوێنێ ئەنجامدرا و قوربانی لێكەوتەوە”.

بەوتەی ئەو بەرپرسەی پارتی،  پەكەكە دوو مانگ دەبێت سەرقاڵی دانانی ئەو پلانەبوون، لەرێگەی بۆمبی چێنراو، پلانەكەش بۆ پێشمەرگە بووە، نەك بۆ سوپای توركیا، ئەو حاڵەتەی دوێنێش كە لەرێگەی ساروخەوە ئەنجامدرا و شەڕوپێكدادانی لێكەوتەوە كوژرانی ژمارەیەك لە پەكەكەشی لێكەوتووەتەوە، بەڵام رێگە نادرێت زانیاری لەسەر ئاشكرا بكرێت.

سیاری جەختیكردەوە، پەكەكە ناوبەناو دەردەكەون، لەئێستاشدا شوێنەكەیان بەجێهێشتووە و لەسنورەكە نەماون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا