وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێم خۆی بۆ دوو جۆر ئافات ئاماده‌ ده‌كات

پۆڵەتیك پرێس
وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومه‌تی هەرێمی كوردستان دەڵێت، بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی ئافاتی “سن و كیسەڵە” كە یەكێكە لەو ئافاتانەی لە دانەوێڵە دەدات، لە هەوڵی دابینكردنی بودجەی پێویستن، بەتایبەتی بۆ ناوچە سەخت و ساردەكان.

حسێن حەمە كەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند: ئافاتی سن و كیسەڵە یەكێكە لەو ئافاتانەی بەردەوام هەیە بەڵام رێژەكەی لە ساڵێكەوە بۆ ساڵێكی دیكە دەگۆڕێت، بەپێی زانیارییەكانی ئێمە ئەمساڵیش سن و كیسەڵە هەیە بەتایبەتی لە ناوچە سارد و سەختەكان”.

وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم وتیشی:”لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاكانەوە داوامانلێكراوە بەكڕینی دەرمانی پێویست بۆ لە ناوبردنی ئەو ئافاتە، هەوڵەكانی وەزارەتیش بەردەوامە بۆ دابینكردنی بودجە بۆ ئەو مەبەستە”.

باسی لەوەشكرد، كەمی رێژەی بارانبارین لەمساڵدا كاریگەری هەیە لەسەر رێژەی بەرهەم و كوالیتی بەرهەمی دانەوێڵەی ئەو ناوچانەی بارانی نیمچە مسۆگەرە، وەكو خوارووی هەولێر و ناوچەی گەرمیان بەتایبەتی كەلار و كفری، بەڵام هەندێك شوێن كە بارانی ساڵانەی مسۆگەرە وەكو پارێزگای دهۆك و باكوری پارێزگای هەولێر و پارێزگای سلێمانی، كەمی رێژەی بارانبارین كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێت لەسەر بەرهەمی دانەوێڵە.

ساڵانە بە سەدان هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە هەردوو جۆری بەراو و دێم بە گەنم و جۆ دەچێنرێت، لەكاتی دروێنەی دانەوێڵەكانیاندا زۆرجار جووتیاران كێشەی ساغبوونەوەی بەرهەمەكانییان بۆ دروست دەبێت، بۆ ئەمساڵیش وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بڕیاری داوە 500 هەزار تەن گەنم لە جوتیارانی هەرێم بكڕێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا