ئارێز عه‌بدوڵڵا هۆكاری دواكه‌وتن له‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی لامه‌ركه‌زی ئاشكراده‌كات

پۆڵەتیك پرێس
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، یەكێتی سورە لەسەر جێبەجێكردنی پرۆژەی لامەرگەزی لەهەرێمی كوردستان و هەوڵی تەواوی بۆدەدات دەشڵێت “خەباتی مەدەنی و سیاسی پشودرێژی دەوێت”.

ئارێز عه‌بدوڵڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند، “پارتی پرۆژەی لامەركەزی ئیداری و دارایی رەت ناكاتەوە و ئامادەی گفتوگۆكردنە ئەوەی ماوە ئەوەیە چۆن لەسەر پڕۆژەكە رێك بكەوین”.

وتیشی: “بەشێكی پڕۆژەكە دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەویش شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانە بۆ پارێزگا و ئیدارە خۆجێیەكان لەچوار چێوەی رێنماییەكان، بەشەكەی تری پڕۆژەكە لەسەر گفتوگۆی نێوان پارتی و یەكێتیه‌ بۆ شێوازی ئامادەكردنی پرۆژەكە تا پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات”.

له‌باره‌ی هۆكاری دواكه‌وتن له‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی لامه‌ركه‌زی ئارێز عه‌بدوڵڵا وتی، هۆكاری دواكەوتنی گفتوگۆی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر پرۆژەی لامەرگەزی، پەیوەندی بە كێشە دارایی و ئیدارییەكانی نێوان ناوەند و هەرێم و چونی شاندی حكومەت بۆ بەغدا هەیە”.

رۆژی 18ی ئەم مانگە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رەشنووسی پرۆژەیاسای لامەرکەزیی پارێزگای سلێمانی بڵاوکردەوە، كە لە 11 ماددە پێكهاتووە و لەناو رەشنوسەكەدا ئامانجەکانی “نا ناوەندێتیی بەڕێوەبردن” روونکراونەتەوە.

رەشنوسی پڕۆژە یاسای لامەركەزی یەكێتی داوا دەكات سەرجەم داهاتی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە جیا لە ئەژمارێکی بانکی تایبەت بە پارێزگا یان ئیدارەی سەربەخۆتۆماربکرێت.

سەرچاوەی داهاتەكانیش بریتین لە “داهاتە نانەوتی و گازییەکان، باجەکان، گومرگەکان، رسومات، داهاتە جۆربەجۆرەکانی خزمەتگوزاریی دەروازە سنوورییەکان،داهاتی بەکرێدان و موساتەحە و فرۆشتن و رەفتارکردن بە موڵک و ماڵی گشتیی گواستراوە و نەگواستراوە، سزا داراییەکان (غرامات)، بەخشین و هاوکاریی و پیتاکی بەخشراو و بەشە بودجەی پارێزگا لە بودجەی گشتیی ساڵانەی عێراقی فیدراڵ”. هەنگاوی دووەمیش دەلێت هەموو قۆناغەکان و چالاکییەکانی پەیوەست بە پرۆسەکانی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکان بە هەماهەنگی دەبێت لەگەڵ پارێزگا، بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆ ئامادەی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباەی نەوت و گاز دەبێت لەکاتی گفتوگۆکردن و بڕیاردان لەسەر ئەو قۆناغ و چالاکییەی دەکەوێتە سنوری جوگرافیاکەی و بەپێی تایبەتمەندیتی بۆ زامنکردنی بەشداری لەبڕیاردان و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی و پاراستنی بەرژەوەندی دانیشتوانەکەی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا