ماڵ .. وەک بکوژی یەکەمی ئافرەت

  نوسینی ؛ هاڤین کەمال
” ھیچ شوێنێک نیە بەوێنەی ماڵ بۆ مرۆڤ “
ئەم دەستەواژە باوەی کە ھەیە لەھەموو جیھاندا ھەمیشە وێنایی ماڵمان بۆ دەکات بەو شوێنە ئایدیاڵ وبەھەشتەی کەمرۆڤ ئاسودەیی و ئارامی خۆیی تیا دەدۆزێتەوە، ماڵ ئەو شڵتەرەیە کەسەلامەتی تاکەکانی تیا پارێزراوە لە جیھانی بێڕەحمی دەرەوە، و خۆشەویستی و سۆزی تیا دەدۆزێتەوە .
بەڵام ئەم دەستەواژەیە بە تەواوەتی پێچەوانە دەبێتەوە لەو ئافرەتانەی کە قوربانی فیمیساید ( ژنکوشتن ) و میسۆجنی (ژننەفرەتی ) دەبن .
ئێستاکێ ماڵ بووە بە مەترسیدارترین ژینگە بۆ فیمیساید وکوشتنی ئافرەت و مێینە ، وە پارتنەر (ھاوبەشی ژیان) وباوک وبراو کەسە نزیکەکان زۆربەی جار سەرەکیترین بکوژی ئافرەتن لەگۆمەڵگایەک کە ژننەفرەتی و سێکسیزم بووە بە ئایدۆڵۆژیا و نێرسالاری باڵادەستە تیایدا . ئەگەر بێنین فیمیساید(ژنکوژی ) بەراوورد بکەین بە ھۆمیساید (مرۆڤ کوژی ) ، دەبینین ھۆمیساید زیاتر لە دەرەوەی ماڵ و خێزان دا ڕوودەدات و لەلایەن کەسی نامۆ و غەریبەوە بە قوربانییەکە ئەنجامدەدرێت، بە بەراوورد بە فیمیساید کە بکوژ کەسی یەکەمی خێزانی کوژراوەکەیە و لەوانەیە لەناو ماڵ و خێزانێکدا ڕووبدات .
لەچەند ئامارێکدا کە لە ساڵی ٢٠١٧ دا لەلایەن نوسینگەی قەڵاچۆکردنی ماددەی بێھۆشکەر و تاوان (UNDOC) لە ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامدراوە ، وە خراوەتە بەر دیدی جیھانی بە بۆنەی ساڵڕۆژی نەھێشتن و قەلاچۆکردنی توندوتیژی لەدژی ژنان لە (٢٥ی نوفمبری ساڵی ٢٠١٨) دا . لەم ئامارانەدا بینراوە کە ڕێژەی نیوە زیاتر لەو ئافرەتانەی لەساڵی ٢٠١٧ دا کوژراون، بکوژەکەیان هاوبەشی ژیانیان یاخود یەکێک لەئەندامی خێزانەکەیان بووە . ھەروەھا بەپێی ئەم ئامارانە بێت لەساڵی ٢٠١٧ دا (٨٧ ھەزار ) تاوانی کوشتنی ئافرەت ڕوویداوە کە (٥٠ ھەزار) یان واتە لە (٥٨٪) دا تاوانبار ھاوبەشی ژیان یاخود کەسێک لەناو خێزانەکەدا بووە .
ھەرچەندە ڕێژەی کوشتنی پیاو بەڕێژەی لە ٨٠٪ دایە لەجیھاندا بە بەراوورد بە ئافرەت ، بەلام کوشتنی ئافرەت زۆربەی کات بەھۆی ئەندامێکی نزیکێتی لە خێزانەکەیدا .
ھەمان ئامار دەڵێت ڕێژەی کوشتنی ئافرەت بەم شێوەیەی خوارەوەیە لە ووڵاتە جیاوازەکانی جیھاندا :
ھەموو جیھان بە ڕێژەی ( ١.٣ لەھەر ١٠٠ ھەزار ئافرەتێک. )
ئەفریقا بە ڕێژەی ( ٣.٢ لە ھەر ١٠٠ ھەزار ئافرەتێک .)
ھەردوو ئەمریکاکە بە ڕێژەی (١.٦ لە ھەر ١٠٠ ھەزار ئافرەتێک. )
ئوسترالیا بە ڕێژەی (١.٣ لەھەر ١٠٠ ھەزار ئافرەتێک. )
ئاسیا بەڕێژەی( ٠.٩ ) و لەئەوروپادا کەمترین ڕێژەیە کە بریتییە لە (٠.٧) .
بەپێ ئەم ئامارانە بێت (ھەموو سەری سەعاتێک شەش ئافرەت دەکوژرێت لە جیھاندا بەدەست کەسێک لە ئەندامی خێزانەکەیەوە ) . ئەمەش تەنیا یەک مانا دەبەخشێت کەئەویش ئەوەیە ” ماڵ یاخود خێزان ترسناکترین ژینگەیە بۆ کۆشتنی ئافرەت و فیمیساید ” و ” چیدی ماڵ ئەو شلتەرە نەماوە کە ئافرەت بپارێزیت و سەلامەتی بۆ دابین کات و ئارامگە بێت بۆی ” .
ئافرەت لەئەزەلەوەو لەو ڕۆژەوەی پێیەکانی خستە سەر زەوی لەتێکۆشاندایە ، تێکۆشانێک کەھیچ کات تەنیا بۆ خۆی نەبووە ، بەڵکو تێکۆشانێک بووە بۆ سەلامەتی و پاراستنی تاکی خێزانەکەی پێش خۆی ، تێکۆشانێک بۆ پاراستنی کۆمەڵگا لەڕووی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و دەروونییەوە . بەڵام ئایا ئەم تێکۆشانەی چۆن ھەڵسەنگێنراوە ؟ یاخود چۆن مامەڵەی لەگەڵ کراوە ؟
ھەمیشە وەڵامی ئەم دووپرسیارە کۆمەڵگایەکی نوێخواز و مەدەنی جیادەکاتەوە لە کۆمەڵگایەکی کۆنەپەرست و ھەمەجی و بەربەری .
ئەو باوکە یان ئەو برایەی، کەتاوانی کوشتنی کچەکەی یان خوشکەکەی وەک سزادانێکی دادوەرانە ببینێت بۆ ھەڵەیەک “کە لەوانەیە تەنیا لەدیدی ئەودا هەڵە بێت” کە کچەکەیان یان خوشکەکەیان کردویەتی، بێگومان پەروەردەیی کولتور ونەریتێکی پیاو سالار و باوک سالارە کەتەنیا خۆیی و نێرێکی تر وەک مرۆڤ دەبینێت. و ئافرەتیش تەنیا وەک کاڵایەک دەبینێت بۆ تێرکردنی ئارەزووەکانی، کۆمەڵگایەک ھەتا ئێستاش جیاوازی ناکات لەنێوان تاوان و سزادان دا .
ڕێز گرتنی ئافرەت و لەبەرچاوگرتنی کێشەکانی وەکو ڕەگەزێکی جیاواز لە نێر و ماف وەرگرتنی لەلایەن گۆمەڵگاوە ، کارێکە دەبێت کۆمەڵگا فێری تاکەکانی بکات ، وھیچ پێویست ناکات ئافرەت داوای مافەکانی کات لە نێرێک ، بەڵکو دەبێت کۆمەڵگا بۆیی فەراھەم کات . ئەوەی ڕوونیشە کۆمەڵگا لەھەردوو ڕەگەزی نێر و مێ پێکھاتووە و بەھەردوکیان بنیات دەنرێت .
کۆمەڵگایی نوێخواز و مەدەنی دەبێت ئەو چەمکی سێکسێزم و ژننەفرەتیی یە وەلا نێت و بەئایدۆلۆژیایەکی جیاواز سەیری بابەتەکان کات و ھەم نێر لە سادیزمیەکەی ( حەز کردن بە ئازاردانی بەرامبەر ) و بەھەمان شێوەش مێ لەو ماسۆشیزمی( چێژ وەرگرتن لە ئازاردان ) ە ، ڕزگارکات کە کەلتوور و عادەت پەروەردەیی کردوون لەسەریی و سەپاندوێتی لە مێشکیاندا .
بۆ ئەوەی بتوانین ئەم دوو چەمکە دەستکاری کەین کە چەمکی سێکسیزم و ژننەفرەتی یە ، پێویستە ئەوە ڕەچاوکەین کە پەروەردەیی دروستی ئەندامانی خێزان کایەیەکی گرنگە .
دەبێت پێش ھەموو شتێک دەستکاری پەروەردەی منداڵ کەین ، منداڵی نێر وا پەروەردەکەین ھەم لەناو خێزان و ھەم لە قوتابخانەو ھەم لە کۆمەڵگادا کە مێینەیەک ھیچ جیاوازی نیە لەگەڵ ئەوێکی نێردا لەڕووی ئینسانی و پێداویستی فسێۆلۆژی و ڕۆحییەوە و ھەم لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ، وەلەڕووی ئەخلاقییەوە ھەمان پرینسیپڵیان ھەیە و ھەمان مافیشیان ھەیە کەپێویستە کۆمەڵگا بۆیان فەراھەم کات .
ئافرەتیش دەبێت فێر بکرێت کەھیچ شتێکی لە نێرێک کەمتر نیە ، بگرە ئافرەت بەردی بناغەی کۆمەڵگایی ھاوچەرخە ، و دەبێت خۆیی وەک کاڵایەک نمایش نەکات بۆ ڕازیکردنی بینینی پیاو ، ڕێز لە بیرکردنەوەو مێشک وبیرو بۆچوونی خۆی بگرێت و چیدی نەبێت بە تەنیا ئامرازێکی چێژبەخشین بەدەست نێرەوە .
ئافرەت بەخێوکەرە ، دایکە ، خوشکە ، خۆشەویستە ، ھاوڕێیە .
ئەو نێرەشی ڕێز لە پیاوەتی خۆیی بگرێت باشترین تەواوکەرو پاڵپشتە بۆ ئافرەت لەکۆمەڵگایی ھاوچەرخ و نوێخوازدا ..
پەراوێز و سەرچاوەکان :
١- Global Study on Homicide 2018, Gender-related killing of women and girls.
Www. UNODC . Org .
٢- The Femicide Census.. _ Womensaids.org .uk
٣- The women killed on one day around the world.. BBC .NEWS .

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا