ئەگەر سەرپشکت بکەن لەنێوان کتێب خوێندنەوە و بیرکردنەوەدا کامیان ھەڵدەبژێریت؟
کتێب خوێندنەوە دوو زیانی ھەیە و یەک سوود! بەڵام بیرکردنەوە دوو سوودی ھەیە، بەڵام یەک زیان! با لە سوودی خوێندنەوەوە دەستپێبکەین.
سوودی خوێندنەوە: ستراتیژی بیرکردنەوە و ئاڕاستە و ھێڵە سەرەکییەکانی بیرکردنەوەت بۆ دیاری دەکات. ئەمەش سوودێکی کەم نیە دەکرێ بۆ دەستپێکی بیرکردنەوە سوودی لێوەربگیرێت.
زیانی یەکەمی خوێندنەوە: لە بیرکردنەوەت دەخا و نایەڵێت خۆویستانە بیر بکەیتەوە، بەڵکو ناچارت دەکات کتێب ویستانە بیر بکەیتەوە.
زیانی دووەمی خوێندنەوە: کاتێکی زۆرت لێ دەبا و ئەنجامێکی کەمت بە بەراورد بەو کاتەی لێی بردویت پێ دەبەخشێت.
بەڵام بیرکردنەوە دوو سوودی ھەیە و تەنھا یەک زیان!
سوودی یەکەم: بیرکرنەوە بەشێوە دروستەکەی بیرت فراوانتر دەکات و لە تەسک بیرکردنەوە و بیرکردنەوەی بچوک ڕزگارت دەبێت، وات لێ دێت ڕۆش نبیر بکەیتەوە نەک لێڵ.
سوودی دووەم: لە ئەنجامی جوان بیرکردنەوە، داھێنان و تازەگەریی دروست دەبێ و بەمەش ژیان فۆڕمێکی نوێ وەردەگرێت لە تازەگەریی. کە ژیانیش تازەگەریی تێدا لەدایک بوو ئەوکاتە ئەپدەیتی زۆربەی شتە کۆن و نەگۆڕەکان دەکەیت.
تاکە زیان لە بیرکردنەوەدا کە ھەبێ، بیرکردنەوەی زیاد لە پێویست و ڕۆچووە لە قوڵبوونەوەی شتێکدا کە خۆی قوڵ نیە و بنێکی ڕوونی ھەیە، بۆیە بیرکردنەوە لە شتێک کە خۆی قوڵ نیە وەک مەلەکردنە لە چەمێکی تا سەر قولەپێدا! ڕوونە کە مەلەکردن لەو چەمە بچکۆلە و تەنکانەدا، ھیچ چێژێکت پێنابەخشێت. بۆیە بیرکردنەوەی نادروست و زیاد لە پێویست لەوانەیە بتکات بە مرۆڤێکی خەیاڵیی.
ئەمە مانای وا نیە واز لە خوێندنەوە بھێنیت و ھەر بیربکەیتەوە! نەخێر، دەبێ بە سوودی یەکەم کتێب بخوێنیتەوە ھەتا زانیاری و ئاڕاستە دروستەکەی بیرکردنەوەت لەلا ڕوون بێت.
نوسینی / یادگار واژەیی