هەمووشتزانی نەزان: سوبێکتسازیی سەرمایەداری

ئەرسەلان ئەفراساو

– سوبێکت (سوژە و سەبجێکتیش دەوترێت) هاومانایەکی تری مرۆڤە، بەڵام بۆ دونیای ئێمە چەمکێکی تازەیە. وشەی خود و وشەی بکەر دوو هەوڵن بۆ وەرگێڕانی ئەم چەمکە، بەڵام هیچیان بەتەواوی ماناکەی ناپێکێت: خود ناوەکییە و تاکە و پتر بەمانای “self”ی ئینگلیزی و “نفس”ی عەرەبی دێت، لەکاتێکدا سوبێکت هەم ناوەکییە و هەم دەرەکی و هەندێجاریش بەتەنها تاک نییە بگرە (وەک چینێکی وەک پرۆلیتاریا، یان توێژێکی وەک مامۆستا) کۆیە، بکەریش پتر هاومانا ڕێزمانییەکەی سوبێکتە و لە ناوەکەشیدا واچاوەڕوانی لێدەکرێت هەمیشە ڕۆڵی ئەنجامدەری کردار بگێڕێت، لەکاتێکدا سوبێکت هەمیشە بکەر نییە، هەندێجار کردارە و هەندێجاریش بەرکار.

بەڵام ئەی بۆ بەسادەیی ناڵێین مرۆڤ؟ چونکە ئێمە تەنها ئەو کاتەی کە لەدایکدەبین مرۆڤین، ڕێک دوای لەدایکبوونمان دەکەوینە ناو پرۆسەی سوبێکتسازییەوە و دەبینە سوبێکت. ڕەنگە ناونانی منداڵ یەکەم هەنگاوی نێو پرۆسەی سوبێکتسازی بێت، دواتریش پەروەردە و فێرکردن و بەکۆمەڵایەتیکردن و تەڵقینی ئایینی و سیاسی و کولتوری هەنگاوەکانی دیکەی ئەم پرۆسەیە بن. ئایین، کۆمەڵگا، ئایدۆلۆژیا، دەوڵەت و سیستەم بەشێکن لە ماشێنە گەورەکانی بەرهەمێنانی سوبێکت. ماشێنێک کە سوبێکتسازی دەکات، وەک ئەوە وایە مێشکێکی بەتاڵ بێنێت و پڕی بکات لە کۆمەڵێک زانیاری و نەریت کە دڵخوازی خۆیەتی و خۆی دەیەوێت، بۆیە لایەنی زۆری پرۆسەی دروستکردنی سوبێکت لەسەر فێرکردن و تەڵقیندان وەستاوە، بەڵام سوبێکتسازی بەتەنها پێدانی زانین و پڕکردنەوەی مەعریفی نییە، جەستەسازی و ڕاهێنانی بەدەنییشە (وەک لەشجوانی، ڕێگەڕۆشتن و سەماکردن و هتد)، کولتورسازی و ڕاهێنانی نەریتییشە (وەک لەبەرکردنی پۆشاک و ئەتەکیەتی نانخواردن و هتد).

ئەوەی ئاڵتۆسێر پێی دەڵێت بانگکردن، ئامرازێکی سەرەکیی دروستکردنی سوبێکتە: ماشێنە سوبێکتسازەکان هەمیشە بانگمان دەکەن بۆ ئەو شتەی ئەوان لە ئێمەیان دەوێت، بۆنموونە: مەلا و بانگخوازە ئایینییەکان بانگمان دەکەن بۆ نوێژ و دەمانکەن بە ئیماندار، ڕیکلامچی و بانگخوازە سەرمایەدارییەکانیش بانگمان دەکەن بۆ کڕین و دەمانکەن بە کڕیار! سوبێکتسازی هەمیشە بەد و خراپ نییە، بەڵام من لەسەر یەکێک لە جۆرە خراپەکانی دەوەستم کە سوبێکتسازیی سەرمایەدارییە.

– ئەمڕۆ سەرمایەداری، لەناو هەموو ماشێنەکانی دیکەی بەرهەمهێنانی سوبێکتدا، زەبەلاحترین و کاریگەرترینە؛ بەجۆرێک کە هەژموونی بەسەر ماشێنە سوبێکتسازەکانی دیکەی وەک خێزان و خێڵ و نەتەوە و ئایین کۆمەڵگایشدا هەیە.

بەو پێیەی کە وەک وتمان ئامانجی هەر ماشێنێکی سوبێکتساز بەرهەمهێنانی سوبێکتێکە کە بە دڵخوازی ئەو ڕەفتار بکات و بیربکاتەوە، بۆیە ئەگەر دوائامانجی ماشێنێکی وەک ئایین دروستکردنی سوبێکتێکی ئیماندار و ملکەچ بە نۆرمەکانی خۆی بێت، ئەوا دوائامانجی ماشێنی سەرمایەدارییش بەرهەمهێنانی سوبێکتێکی هاوکات کارکەر و مەسرەفگەرایە، یان بەرهەمهێنانی ئەو شتەی پێی دەڵێن کۆیلەی مۆدێرن، کە بزوێنەرێکی باشی کەڵەکەکردنی سەرمایەیە.

– کۆیلەی مۆدێرن (کۆیلایەتی و مۆدێرنە، وەک دوانەیەکی ناتەبا) ناوێکی پارادۆکسیکاڵە کە ئەشێت گوزارشت لە پارادۆکس و دژیەکییەکانی ئەم سەردەمە بکات و سەردەمی سەرمایەی پێ بناسرێتەوە. لەناو دونیایەکی مۆدێرندا (کە ئەشێت دونیای پێشکەوتن و هوشیاری و بەردەستبوونی مەعریفە بێت)، بۆئەوەی کۆیلە بەرهەم بێنیت، پێویستت بە بەرهەمهێنانی سوبێکتێکی هەمووشتزانی نەزانە. با ئەمە بە جۆرێکی تر داڕێژمەوە: مۆدێرنە، کە درێژکراوەی ڕێنیسانس و ئەقڵانیەتە، لەسەر کۆمەڵێک بەهای نوێی وەک عەدالەت و یەکسانی و برایەتی و مرۆڤسەنتەری دامەزرا و دابڕانبوو لە بەها کۆنەکان و کۆیلایەتی و سەدە تاریکەکان؛ بۆیە کاتێک کە سەرمایەداری دێت و دەیەوێت سوبێکتێکی ملکەچ بەخۆی دروستبکات، ناتوانێت کۆیلەیەکی نەزان (بەمانا کۆنەکە) دروستبکات، چونکە نەزانیی قۆناغێکە ڕابردووە و ناتوانرێت ئاوڕی بۆ بدرێتەوە، بۆیە دەبێت کۆیلەیەکی هوشیار دروستبکات.

بەڵام لەکاتێکدا کە هوشیاری دژ بە کۆیلایەتییە، چۆن ئەمە ڕوودەدات؟ بە کۆمەکوەرگرتن لە مارکس وەڵامی ئەم پرسیارەمان دەستدەکەوێت: بە پڕکردنی مرۆڤەکان لە هوشیاریی ساختە ئەمە ڕوودەدات. واتە سەرمایەداری سوبێکتێکی هوشیار دروستدەکات، بەڵام ئەو هوشیارییەی کە پێیداوە هوشیارییەکی درۆزنانە و ساختەیە نەک ڕاستەقینە، هوشیارییەکە کە وادەکات مرۆڤەکان ئارەزوومەندانە ببنە کۆیلەی ئەم سیستەمە.

– ئەمڕۆ زانیاری لە هەموو لایەکەوە خۆی بەناوماندا دەکات،  پەروەردە و کتێب و میدیا و سۆشیاڵ میدیا و ئامێری زیرەک ئێمەیان تەنیوە بە زانیاری؛ بەکورتی هەموو شتێک دەزانین، کەچی نەزانین، ئەمەش لانیکەم لەبەر دوو هۆکار: یەکەم چونکە ئەوەی دەیزانین زانینێکی پاسیڤ و هوشیارییەکی ساختەیە، دووەم لەبەرئەوەی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەمان تێدا کوژراوە. ئێمە نەک هەر تەنها لەناو ئەو کڵێشانەدا بیردەکەینەوە کە بۆمان دیاریکراوە، بگرە ئەسڵەن کەمترین کات مێشکمان بەکاردێنین و بیردەکەینەوە، چونکە تەکنەلۆژیا بۆتە ئینسکڵوپیدیایەکی حازربەدەست و پێویست ناکات بیربکەینەوە: گەر بمەوێت بزانم لێکدانی دوو ژمارە دەکاتە چەند مۆبایلەکەم بەکاردێنم، گەر بمەوێت بزانم پێناسەی فڵان شت چییە مۆبایلەکەم بەکاردێنم و هتد.

ئەم پاشەکشەیە لە ئاستی بیرکردنەوەدا، هاودەمە لەگەڵ پاشکشەیەکی گەورە لە ئاستی زماندا: ئیمۆجی نیشانەی نەخۆشییەکی گەورەیە، نیشانەی گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ زمانی ئاماژە و کورتبێژی. ئەم دوو پاشەکشەیەش پاشەکشەیەکی کۆمەڵایەتیی بەدوای خۆیدا هێناوە، پاشەکشەیەک کە سەر بە کاتیگۆریی تاکگەراییە و ئەشێت ناوی بنێین تەنیاکەوتنی بەکۆمەڵ: لەناو شوێندا پێکەوەین و بەکۆمەڵین، بەڵام تەنیا و دابڕاوین.

– ئەوە تەنها خەڵکە گشتییەکە نییە کە هەمووشتزانی نەزانە، ئێمە هەزاران ئەستێرەی فووتێکراوی هەمووشتزانی نەزانمان هەیە، لە نموونەی ئەو ڕۆژنامەنووس و شرۆڤەکارە سیاسی و ئەکادیمیانەی لەسەر شاشەکان دەیانبینین: سەرەتای وەرزی سێیەمی زنجیرەی “تاڵانیی پارە” بەم دیمەنە دەستپێدەکات: ئەرتورۆ کە پێشتر لێپرسراوی خەزێنەی ناوەندیی دراوی ئیسپانیا بووە و یەکێک بووە لە دەستبەسەرکراوەکانی تاڵانییەکە، پاش ڕزگاربوونی لە تاڵانییەکە، کتێبێکی دەربارەی قارەمانێتیی خۆی بڵاوکردۆتەوە و لە کۆڕێکی گەورەدا چیرۆکی سەرکەوتن دەگێڕێتەوە، لەکاتێکدا ئەو چروکترین کەسایەتیی نێو زنجیرەکەیە! ئەم دیمەنە پێماندەڵێت کێن ئەوانەی چیرۆکی سەرکەوتن دەگێڕنەوە و ئەو سەدان کتێبە پاتاڵ و بازاڕیانە دەنووسنەوە کە لەئێستادا کتێبخانەیان تەنیوەتەوە: ڕێگاکانی سەرکەوتن! چۆن دەبیت بە ملیۆننێر! ڕێگاکانی خۆکۆنترۆڵکردن! و هتد…

دەرکەوتنی ئەم چیرۆکخوان و ڕێنیشاندەرە نموونەییانە بەشێکە لەو تەوژمەی بەرۆکی دونیای گرتووە: تەوژمی دەرکەوتنی ئەستێرە و ئایکۆنی فشۆڵ، کە بە ماوەیەکی خێرا ناوبانگ پەیدادەکەن و پتر لەسەر حسابی ئابڕووچوونێک ناوبانگ بەدەستدێنن، ڕەنگە دیارترینیشیان لە ژینگەی ئێمەدا ئەو مۆدێل و باڕبییە سێکسی و جوێنفرۆش و بەندبێژ و قسەکەرانە بن کە سۆشیاڵ میدیایان داگیرکردووە بوونەتە فیگەری هەمووشتزانی نەزان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا