بافڵ تاڵەبانی لە یادی 36 ساڵەی ئەنفالدا: چارەنووس و مانەوەمان بەندە بە یەکڕیزی و یەکگرتوویمانەوە

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایدەگەیێنێت، “میللەتی كورد لە رابردوودا هەموو جۆرەكانی ئازار و نەهامەتیی چەشتووە، ناكرێت ئەو مێژووە نادیدە بگیرێت و بە بەرژەوەندیی تەسكی حزبی و كەسییەوە درێژە بە سیاسەت بدەین و بەها و ئامانجە باڵاكان بكەینە قوربانیی ململانێیەكی ناڕەوا و ناپێویست”.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا کە بەبۆنەی 36هەمین ساڵیادی ئەنفال بە هەردوو زمانی کوردی‌و عەرەبی بڵاویکردووەتەوە دەڵێت:ئەنفال پەندێكی مێژووییە تاوەكو لەو راستییە تێبگەین جیاوازییەكانمان چەند زۆربن، كوردبوونمان پێش هەمووشتێكە و چارەنووس و مانەوەمان بەندە بە یەكڕیزی و یەكگرتووییمانەوە.

دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان:

ئەمڕۆ بە دڵتەنگییەكی قووڵەوە یادی ٣٦ ساڵەی ئەنفال و جینۆسایدی گەلەكەمان دەكەینەوە، سەری رێزمان بۆ رۆحی پاكی شەهیدان دادەنەوێنین و سڵاوی ورە و خۆڕاگری بۆ كەسوكارە سەربەرزەكانیان دەنێرین.
ئەنفال تاوانێكی لەیادنەكراو و برینێكی قووڵە بە دڵی نیشتمانەوە، مەرامێک بوو بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی میللەتێك كە بانگی ئازادیی دەدا و خەونی بە سەرفرازییەوە دەبینی. هاوكات پەندێكی مێژووییشە تاوەكو لەو راستییە تێبگەین جیاوازییەكانمان چەند زۆربن، كوردبوونمان پێش هەمووشتێكە و چارەنووس و مانەوەمان بەندە بە یەكڕیزی و یەكگرتووییمانەوە.
میللەتی كورد لە رابردوودا هەموو جۆرەكانی ئازار و نەهامەتیی چەشتووە، ناكرێت ئەو مێژووە نادیدە بگیرێت و بە بەرژەوەندیی تەسكی حزبی و كەسییەوە درێژە بە سیاسەت بدەین و بەها و ئامانجە باڵاكان بكەینە قوربانیی ململانێیەكی ناڕەوا و ناپێویست. بۆیە هیوادارم هەموومان كوردانە و بەرپرسیارانە كاربكەین و میللەتە ستەمدیدەكەمان بەرەو سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ئاڕاستەبكەین، میللەتێك كە هەموومان قەرزاری گیانفیدایی و قوربانیدانیانین.
دروود بۆ رۆحی شەهیدان و سەربەرزی و سەرفرازیی بۆ كەسوكاری خۆڕاگریان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا