پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
تیمێکی چاودێریی بازرگانیی هەولێر دەست بەسەر 46 هەزار قوتووی شیری منداڵاندا دەگرن، کە گومان دەکرێت ڕێکەوتی بەسەرچوونیان نوێ بکرێتەوە یان دووبارە لە قوتوونانی بۆ بکرێت و بخرێتە بازاڕەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، تیمێکی چاودێری بازرگانیی هەولێر، دوای گەڕان و پشکین، خاوەنی ئەو شوێنە دەستگیرکراوە و ڕووبەڕووی یاسای دەکەنەوە و دەست بەسەر شیرە بەسەرچووەکەشدا دەگرن.
هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر رایگەیاند: لە گوندێکی نزیک شاری هەولێر، هەزار و 706 کارتۆن شیری بەسەرچوومان لە ماڵێک دۆزییەوە؛ لێکۆڵینەوەی بەردەوام دەکەین بۆ زانینی ئەوەی کە ئایا ئەم شیرە بۆ چ مەبەستێکی تر بەکاردێت، ئەو کەسەمان دەستگیر کردووە کە ئەم کارەی کردووە و لێکۆڵینەوەی بەردەوام دەکەین تاوەکوو دەگەین بە دەرئەنجام.
وتیشی: لە مانگی ڕەمەزان بەهۆی زۆریی خواستی هاووڵاتییان بۆ خواردن، کاری لیژنەکانمان چڕتر کردووەتەوە و بەردەوامین لە گەڕان لە شاری هەولێر؛ هەر لیژنەیەک لە سێ کەس پێک هاتوون و سەردانی هەموو شوێنێک دەکەن و زیاتر سەرنج لە ڕێکەوتی بەسەرچوون دەدەن. زۆر سوپاسی هاووڵاتییان دەکەین کە هاوکارمان بوون و هیوادارین بەردەوام بن لە ئاگەدارکردنەوەمان لە هەر حاڵەتێکی لەمجۆرە.