یەکێتی چەند پۆستێک لە پارێزگای سەلاحەدین وەردەگرێت

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

یەکێتی نیشتمانیی کوردستان وەک ئیستحقاقی هەڵبژاردنی خۆی لە پارێزگای سەلاحەدین، چەند پۆستێکی گرنگ وەردەگرێت، لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتیش دەڵیت: ئەو پۆستانەی یەکێتی لە پارێزگاکە وەریدەگرێت بە کەسی شیاو پڕدەکرێنەوە و دەبینە خزمەتکاری سەرجەم پێکهاتەکان لە پارێزگاکە.

کەریم مەلا شوکر لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی، هاوکات کە جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیشە لە بەغدا رایگەیاند: یەکێتی وەک ئیستحقاقی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لەپارێزگای سەلاحەدین چەند پۆستێکی گرنگ وەردەگرێت، ئەمەش دوای چەند جارێک کۆبوونەوەمان لەگەڵ پارێزگاری نوێی شارەکە.

وتیشی: لەگەڵ بەدر مەحموود فەحل پارێزگای نوێی سەلاحەدین رێککەوتوین کە پۆستەکانی بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان و یاریدەدەری پارێزگار و دوو راوێژکار و ژمارەیەک بەڕێوەبەر لەبەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە، تەندروستی و شارەوانی لە پارێزگای سەلاحەدین وەربگرین.

ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە 15 ئەندام پێکهاتووە و تەنها یەک نوێنەری کوردی تێدایە، کە ئەویش نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.

لێپرسراوەکەی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی راشیگەیاند: یەکێتی بۆ ئەو پۆستانە کەسی شیاو لەناو خودی پارێزگاکە هەڵدەبژێرێت و دەیانکاتە خزمەتکاری خەڵک، ئەمەش ئەو راستییە نیشان دەدات کە تەنها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەتوانێت لەو پارێزگایە خزمەت بە کورد و پێکهاتەکانی دیکە بکات.

رۆژی یەکشەممە، 17-3-2024، ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە 13 دەنگ، بەدر مەحمود فەحلی وەک پارێزگاری نوێی سەلاحەدین هەڵبژارد.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا