بافڵ تاڵەبانی لە ساڵیادی کیمابارانی هەڵەبجە دا: جیاکاری لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا هەیە

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە 36هەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن حزبی پێشووی بەعسی رووخاو پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەوەی خەڵکی هەڵەبجە و هەموو کوردستان پێویستیانە، بیرکردنەوەی تەسکی حزبی و هەوڵدان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت نییە، بەڵکو خزمەتکردن و بەدەنگەوەچوونی داواکارییە رەواکانە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی یەکێتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، “جیاکاریی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریدا دەکرێت و ئەوەی پێشکەشی هەڵەبجە و هەڵەبجەییە سەربەرزەکان دەکرێت تەنیا لە چوارچێوەی درووشم و بەڵێنی بێکرداردا ماوەتەوە، لەکاتێکدا دەبوو ئەو کارەساتەی بەسەر ئەو شارەدا هات، وانەیەکی مێژوویی و پەندێکی گەورە بووایە بۆ ئێمەی کورد”.

دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان:

ئەمڕۆ و هەموو رۆژەکانی ژیانمان شەهیدانی جینۆسایدی هەڵەبجە و خۆڕاگریی کەسوکاری سەربەرزیانمان لەیادە و سەری رێز و نەوازشیان بۆ دادەنەوێنین.
بەداخەوە ئەمڕۆ کە یادی ئەو تاوانە گەورەیە دەکەینەوە، گلەییەکان زۆرن و خزمەتگوزارییەکان کەمن، جیاکاریی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریدا دەکرێت و ئەوەی پێشکەشی هەڵەبجە و هەڵەبجەییە سەربەرزەکان دەکرێت تەنیا لە چوارچێوەی درووشم و بەڵێنی بێکرداردا ماوەتەوە، لەکاتێکدا دەبوو ئەو کارەساتەی بەسەر ئەو شارەدا هات، وانەیەکی مێژوویی و پەندێکی گەورە بووایە بۆ ئێمەی کورد و هەمووان پێکەوە بە رۆحێکی نیشتمانی و بەرپرسیارانەوە کارمان بۆ گەڕاندنەوەی هیوا و بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرتر بکردایە.
دەبێت لای هەمووان روون بێت ئەوەی خەڵکی هەڵەبجە و هەموو کوردستان پێویستیانە، بیرکردنەوەی تەسکی حزبی و هەوڵدان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت نییە، بەڵکو خزمەتکردن و بەدەنگەوەچوونی داواکارییە رەواکانە. دەبێت بەرپرسیارێتی بەرامبەر خاک و نیشتمان، جێگەی بیری جیاکاری بگرێتەوە و خزمەتگوزارییەکان بۆ هەمووان بێت. كوردستان پێویستی بە یەکڕیزی و یەکگرتووییە نەک ترازان و دوورکەوتنەوە، دەبێت جیاوازییەکان بخەینە خزمەت بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و لەبیرمان بێت وەک کورد یەک چارەنووسمان هەیە.

دروود بۆ گیانی شەهیدان و سەرفرازی بۆ کەسوکاریان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا