بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجە تێکشکا و 16 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجە لە نزیک هەرێمی چاناککالی تورکیا ژێرئاوکەوت و 16 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا کە منداڵ و ئافرەتیان تێدایە.

ئیلهامی ئاکتاش، پارێزگاری چاناککالی بە ئاژانسی ئەنادۆڵی وڵاتەکە رایگەیاندووە، بەرەبەیانیی رۆژی هەینی (15ـی ئادار)، بەلەمێکی کۆچبەران کە 20 سەرنشینی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبوو لە ئاوەکانی دەریای ئیجە تێکشکاوە و 16 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 4 یان منداڵن.

پارێزگاری چاناککالی وتیشی، “تیمەکانی فریاگوزاریی سەرەتایی و تیمی پاسەوانیی دەریای تورکیا بە هەلیکۆپتەر و بەلەمی رزگارکردن بەهانای ئەو کۆچبەرانەوە رۆشتووە و 4 کەس رزگارکراون”.

ئەو کۆچبەرانە لەناو بەلەمێکی چووپدا بوون و لەرێگابوون بەرەو کەناراوەکانی یۆنان، تا ئێستا هۆکاری نقوبوونی بەلەمەکە نازاندرێت.

دەریای ئیجە یەکێکە لەو رێڕەوە مەترسیدارانەی کە کۆچبەرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەیشتن بە ئەورووپا بەکاریدەهێنن، ساڵانە بەهۆی کۆچکردنی بەردەوامیی پەنابەران لەم رێگەیەوە و بەکارهێنانی بەلەمی چووپ، دەیان هەزار کەس دەبنە قوربانی گەیشتن بە وڵاتانی ئەورووپا.

سەرەڕای توندکردنەوەی یاساکانی کۆچبەران لەلایەن یەکێتی ئەورووپاوە، بەڵام هێشتا دیاردەی کۆچکردن لە وڵاتانی ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئەورووپا روو لە زیادبوونە، بەگوێرەی ئامارێکی فرۆنتێکس، تەنها لە 11 مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 355 هەزار پەنابەری نایاسایی سنووری یەکێتیی ئەوروپایان بڕیووە، رێژەکەش بەراورد بە ساڵی رابردوو %17 بەرزبووەتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا