چارەنوسی كەركوك و نەینەوا یەكلایی دەكرێتەوە

پۆڵەتیك پرێس

پەرلەمانی عێراق لە دواین دانیشتنی خۆیدا ژمارەی بازنەی هەڵبژاردنەكانی لە 16 پارێزگای بەشێوەی فرەبازنەیی یەكلایكردەوە، واش بڕیارە رۆژی 26ی ئەم مانگە چارەنوسی بازنەكانی هەڵبژاردن لە هەردوو پارێزگای كەركوك و نەینەواش دیاری بكات.

لە كۆبونەوەكەی 24ی ئەم مانگەدا پەرلەمانی عێراق دوای دەنگدان لەسەر 16 پارێزگا، لەسەر داوای كوردیش دەنگدانی بە بازنەكانی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی كەركوك و نەینەوای بۆ ماوەی 48 كاتژمێر دواخست.

دواخستنەكەش بەئامانجی ئەوە بوو تاوەكو پێكهاتەكانی ئەو دوو پارێزگایە لە سەر شێوازی بازنەی هەڵبژاردن لە نێو خۆیاندا بگەنە رێككەوتن و پاشان دەنگ لەسەر ئەوانیش بدرێت.

بڕیارە تا 26ی ئەم مانگە بازنەی هەڵبژاردنەكانی كەركوك و نەینەوا یەكلابكرێتەوە و لایەنەكان بگەنە رێككەوتنێك

پێشتر لایەنە سیاسییەكان و فراكسیۆنەكان گەیشتبونە رێككەوتن لەسەر ئەوەی عێراق دابەش بكرێت بۆ (83) بازنەی هەڵبژاردن، بەجۆرێك هەر بازنەیەك لە سێ كورسی كەمتر و لە پێنج كورسی زیاتر نەبێت، لەگەڵ رەچاوكردنی كورسی كۆتای ژنان.

پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایدەكات، بڕیارە تا سبەینێ 26ی ئەم مانگە بازنەی هەڵبژاردنەكانی كەركوك و نەینەوا یەكلابكرێتەوە و لەگەڵ لایەنەكان بگەنە رێككەوتنێك.

 

جەمال شوكر ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، هەرچەندە پێشتریش چەند كۆبونەوەیەك لەگەڵ لایەنەكان كراوە لەبارەی دیاریكردنی ژمارەی بازنەكانی هەڵبژاردن لە هەردوو پارێزگای كەركوك و نەینەوا، بەڵام ئەمڕۆش جارێكی دیكە كۆدەبنەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، وەك كورد رێكەوتنێكیان لەگەڵ عەرەب و توكمانەكان هەیە، ئەوەی هەیە تائێستا نەگەیشتونەتە بڕیاری كۆتایی، بەڵام نزیكن لە رێككەوتن.

دەشڵێت، “كەركوك سێ بازنەی بۆ دانراوە ئەو سێ بازنەیەش بەشێوەیەك كاریان لەسەركردووە حەویجە بەتەنها بێت، كەركوكیش بكرێت بە دوو بەشی یەكسانەوە واتە پێنج بە پێنج، ئیختیاریان بۆئەوەش داناوە و دەبێت ئەمڕۆ لایەنەكان یەكلای بكەنەوە”.

 

دەیانەوێت كورد غەدری لێ نەكرێت و مافی خۆی لەو دوو پارێزگایە وەربگرێت

 

ئەوەی ئێستا بووەتە كێشە ئەوەیە لەكەركوك هەندێك شوێن كوردنشینن و هەندێكی دیكەش عەرەبنشین، هەندێكیش تێكەڵن لە پێكهاتەی كوردو عەرەب و توركمان، بۆیە دەبێت رەزامەندی سەرجەم لایەنەكانی بۆ وەربگیرێت.

خەسرەو گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، بۆ رێككەوتن لەسەر كەركوك و موسڵ لەگەڵ لایەنەكان كۆدەبنەوەو دەیانەوێت كورد غەدری لێ نەكرێت و مافی خۆی لەو دوو پارێزگایە وەربگرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، كورد بەردەوام غەدری لێ دەكرێت، “دەمانەوێت ناوچە كوردییەكان نەلكێنرێن بەناوچەكانی دیكەی عێراقەوە ئەو پێگەیەی كورد لەو ناوچانە هەیە كەم نەكرێتەوە”.

پێشتر بەرپرسانی كورد دژایەتی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەكان بەشێوەی فرەبازنەیی لە كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەربڕی و ئاماژەیان بەوە دەكرد، بە سیستمی فرە بازنەیی كورد لەو ناوچانە دەنگێكی زۆر لەدەستدەدات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا