وەزیری دارایی عیراق: كار بە هەژماری من ناكەین

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وەزیری دارایی عیراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران پێی راگەیاندن بەهیچ شێوەیەك بۆ دروستكردنی هەژماری بانكی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم كار بە هەژماری من ناكەین و بۆ مووچەی مانگی شوباتیش حكومەتی هەرێم لیستی هەر وەزارەتێكی بەداتاو زانیارییەوە ناردبێت، پاش وردبینی مووچەی وەزارەتەكەمان ناردووە، ئەندامێكی لیژنەی دارایش دەڵێت: وەزیری دارایی پێیڕاگەیاندین، مووچەی مانگی ئادار بەبێ هەژماری بانكی نانێرین.

د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكان رایگەیاند: لە كۆبوونەوەی لیژنەكەمان لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق پێی راگەیاندین، ئەو بڕە پارەیەی بۆ مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران نێردراوە بەپێی ئەو خشتەیە بووە كە حكومەتی هەرێم ناردوویەتی، بۆیە بڕەكەی 560 ملیار دینارە، لە كاتێكدا مانگی یەكی ئەمساڵ 618 ملیار دینار بۆ مووچە نێردراوە، لەكاتێكدا ئەو 618 ملیار دینارە بەپێی لیستی مووچە نەبووە بەڵكو لەكۆی تەرخانكراوی مووچە بووە.

راشیگەیاند: ژمارەیەك وەزارەت زانیارییەكانيان بۆ وەزارەتی دارایی عیراق نەنێردراوە هەربۆیە دارایی عیراق پارەی مووچەی بۆ رەوانە نەكردوون.

لەبارەی مووچەی مانگی داهاتووشەوە نەرمین مەعروف وتی: وەزیری دارایی عیراق جەختی كردووەتەوە كە مووچەی مانگی ئادار بەبێ هەژماری بانكی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم نانێردرێت.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی وتیشی: روونكردنەوەكەی دوێنێی دادگای فیدراڵی لەبارەی پێدانی مووچەی كاش بۆ مانگی ئادار بەو مووچەخۆرانەی هەژماری بانكیان تەواونەكردووە، پێدانی كاتە پێیان تاوەكو هەژمارەكانیان دەكەنەوە نەك هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە بێت كە چیتر بەبێ هەژماری بانكی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەنێردرێت.

لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەكانیشەوە د. نەرمین مەعروف رایگەیاند: لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا وەزیری دارایی رایگەیاند، هەركاتێك لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەكان بەناو و داتای تەواوەوە بۆ وەزارەتی دارایی عیراق بنێردرێت ئێمەش پارەی مووچەیان بۆدەنێرین.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا