ئەمڕۆ وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریدەکرێت

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بڕیارە ئەمڕۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و یونامی لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە و وادەیەکی ‘گریمانەیی’ بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دیاریدەکەن.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، رۆژی سێشەممە )20-2-2024) سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمسیاران و سەرۆکی کارگێڕی هەڵبژاردن و بە ئامادەبوونی شاندی یونامی لە هەولێر، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی کاتێکی گریمانەیی دیاریبکەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

وتەبێژەکەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، “دیاریکردنی وادەکە جێگیرناکرێت و دەکرێت وادەکە لە داهاتوودا گۆڕانی بەسەردا بێت”.

تاوەکو ئێستا وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیارینەکراوە و لایەنەکانی هەرێم چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵین بۆ یەکلایکردنەوەی ئەو سکاڵایەی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم تۆمارکراوە و بڕیارە سبەی چوارشەممە (21-2-024) دانیشتنەکە بەڕێوەبچێت و بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدرێت.
سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە، لایەنی سکالاکار داوای هەموارکردنەوەی مادەکانی 1،9،15،22 و 36ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.

ئەو مادانەی داوادەکرێت بە نادەستووری بناسێندرێن:

ماددەی 1: ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە 111 کورسی پێکدێت.
مادەی 9: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک بازنەی دەنگدان دادەنرێت.
مادەی 15: لە هەرێمی کوردستان سەنتەرەکانی هەڵبژاردن تۆماری ناوی دەنگدەران بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەکان ئامادە دەکەن.
مادەی 22: هەموو قەوارەیەکی سیاسی لە هەرێم مافی تۆمارکردنی لیستی تایبەتی هەیە بەمەرجێک %30 بەربژێرەکانی لە رەگەزی مێ بن.

مادەی 36: تایبەتە بە کورسی کۆتاکان و تێیدا هاتووە؛ پێنج کورسی کلدان، ئاشووری و سریانییەکان تەرخان دەکرێت و پێنج کورسی بۆ تورکمانەکان و یەک کوورسیش بۆ پێکهاتەی ئەرمەن تەرخان دەکرێت و بەربژێرانی سەرجەم پێکهاتە کۆتاکان رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی دەکەن.

کۆمیسیۆن وادەی ناوتۆمارکردن و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانی تا 10 رۆژی دیکە درێژکردەوە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، کاتی ناوتۆمارکردن و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستانی تا 10 رۆژی دیکە درێژکردەوە.

جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، پڕۆسەی نوێکردنەوە و دەرھێنانی کارتی بایۆمەتری دەنگدان تا کۆتایی ئەم مانگە (1-3-2024) لە ھەرێمی کوردستاندا درێژکراوەتەوە.

دەشڵێت، ژمارەی دەنگدەران لە ھەرێم سێ ملیۆن و 789 ھەزار و 400 دەنگدەرە و مافی بەشداریکردنیان لە ھەڵبژاردني پەرلەمانی کوردستاندا ھەیە، بەڵام ئەوانەی کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان ھەیە لە ھەرێمی کوردستان ژمارەیان زیاتر لە دوو ملیۆن و 350 ھەزار کەسن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا