قوباد تاڵەبانی: بە هەموو تواناوە پشتگیری بازرگان و وەبەرهێنەران دەکەین

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، سەردانی ژووری بازرگانی پارێزگای سلێمانی کرد و پشتگیری خۆی بۆ دووپاتکردنەوە و رایگەیاند،” رێگە نادەین هیچ کەس و لایەنێک کێشە بۆ بازرگان و وەبەرهێنەران دروست بکات”.

ئەمڕۆ دووشەممە19ی شوبات، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بەبۆنەی هەڵبژاردنیانەوە پیرۆزبایی لە سەرۆک و ئەندامانی نوێی ژووری بازرگانی سلێمانی کرد و هیوای خواست رۆڵی گرنگ ببینن لە گەشەپێدانی سلێمانی و زیادکردنی جوڵەی بازرگانی و بووژانەوەی بازاڕدا.

دوای گوێگرتن لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم بازرگانان و وەبەرهێنەران، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە هەوڵەکانی چەسپاندنی سەروەری یاسا کرد و دڵنیایی پێدان، کە چیتر بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن هیچ کەس و لایەنێک لەڕێگەی سەرانە وەرگرتن و یان هەر هەوڵێکی هاوشێوەی دیکە کێشە و گرفت بۆ وەبەرهێنەر و بازرگانان دروست بکات.

ڕوونیکردەوە، ستراتیژی ئێمە بەهێزکردنی کەرتی تایبەتە، هەر بۆیە بە هەموو تواناوە پشتگیری بازرگان و وەبەرهێنەران دەکەین و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت راسپێردراون هەموو جۆرە کارئاسانییەک بکەن لەپێناو کەمکردنەوەی رۆتین لەبەردەم کارەکانیان.

قوباد تاڵەبانی، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا داوایکرد، ژووری بازرگانی سلێمانی رۆڵ ببینێت لە هاندانی سەرمایەدار و وەبەرهێنەران تا زیاتر لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و گەشتوکاڵدا وەبەرهێنان بکەن، چونکە رێگەی راستەقینەی گەشەسەندنی کوردستان لە وەبەرهێنان لەو کەرتانەدایە و زۆرترین هەلی کاریش هەر لەم کەرتانەدا بۆ گەنجان دەڕەخسێت وئەوەش دەبێتە هۆکارێک بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت.

قوباد تاڵەبانی، لەکۆتایی کۆبوونەوەدا، دەستخۆشی کرد لە بازرگان و وەبەرهێنەرانی سلێمانی و ئەو فەرمانگانەی هاوکار بوون بۆ ئەوەی سلێمانی ساڵی2023 لە ژمارەی پڕۆژەدا پێشەنگ بێت، لەوبارەیەشەوە وتی، ئەو سەرکەوتنە بەهەوڵ هیممەتی هەمووان بووە و چاومان لەوەیە ئەمساڵ پڕۆژەی زیاتر بکرێت لە کەرتە جیاجیاکان بۆ خزمەتکردنی سلێمانی.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا