یەکێتیی ئەوروپا پرسی پێدانی 50 ملیار یۆرۆ بە ئۆکراینا تاوتوێ دەکات؛ هەنگاریا رێگری دەکات

پۆڵەتیک پرێس:

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆکانی یەکێتیی ئەوروپا بەشوێن رێگەیەکدا دەگەڕێن بۆ رازیکردنی هەنگاریا بە پێدانی 50 ملیار یۆرۆ هاوکاریی و پێداویستیی سەربازی بە ئۆکراینای دەرەوەی یەکێتییەکە.

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا کۆببنەوە و ئامانجی کۆبوونەوەکەش ئەوەیە ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا رازیبکەن بە پێدانی بڕی 50 ملیار یۆرۆ بە ئۆکراینا بۆ هاوکاریکردنی ئەو وڵاتە لە شەڕی دژی رووسیا.

هاوکارییەکە بەجۆرێکە کە بڕی 33 ملیار یۆرۆ بەشێوەی قەرز دەبێت و لە ئەگەری وەستاندنی جەنگ و ئاسایی بوونەوەی باروودۆخەکە، ئۆکراینا دەبێت ئەو بڕە پارەیە بگێڕێتەوە بۆ یەکێتی ئەوروپا و 17 ملیار یۆرۆش لەو بڕە پارەیە بەخۆڕایی دەبەخشرێتە ئۆکراینا.

ئەو بڕە پارەیە لە خەزێنەی سەرەکی یەکێتیی ئەوروپا دەردەچێت و بۆ ئەوەش پێویستی بە رەزامەندی سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکەیە، هەنگاریا وەک ئەندامێکی هەمیشەیی یەکێتیی ئەوروپا دەنگەکانی لە یەکێتییەکە مافی ڤیتۆ لەخۆدەگرێت و پێشتر چەندین جار ڤیتۆی لەسەر ناردنی هاوکاریی دارایی بۆ ئۆکراینا بەکارهێناوە.

ئۆکراینا لە دۆخێکی سەختی ئابووریدایە و توانای نوێکردنەوەی کەرەستە و ئازووقەکانی بەرەکانی جەنگی نەماوە، پێشتر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاکێجێکی هاوکاریی بە بڕی 50 ملیار دۆلار بۆ کیێڤ ئامادەکردبوو، بەڵام تێپەڕاندنی پرۆژەیاساکە لە کۆنگرێس شکستی هێنا و تا ئێستا ئەو هاوکارییە داراییە نەگەیشتووەتە دەست ئۆکراینا.

لە ساڵی 2018ـەوە هەنگاریا رێکاری کردارەکی دژی ئۆکراینا لە رێکخراوی ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا گرتووەتە بەر و رێگری دەکات لە تێپەڕاندنی هەر پرۆژە یاسایەک کە بە سوودی ئۆکراینا کۆتایی بێت؛ هۆکاری ئەمەش بۆ رەخنەکانی هەنگاریا دەگەڕێتەوە لەسەر ئۆکراینا کە پێی وایە کیێڤ رێز لە یاسای مافی نەتەوە کەمینەکانی وڵاتەکەی نادات و پێشێلیان دەکات.

جەنگی ئۆکراینا و رووسیا نزیک دەبێتەوە لە 2 ساڵ و تا ئێستاش هیچ ئاماژەیەک بۆ وەستانی جەنگەکە نیە. بەپێی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 10 هەزار هاوڵاتیی مەدەنی لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کوژراون.

بەپێی ئەو ئامارانەش کە لەلایەن ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، لە سەرەتای جەنگەکەوە 70 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون و 130 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لە سوپای رووسیاش، 120 هەزار سەرباز کوژراون و 280 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون.

 

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا