‎شەش دادبینی تایبەت بە هەرێم لەدادگای فیدراڵيیە

بەپێی خشتەی دانیشتنەكانی دادگای فیدراڵی ٢١ ی مانگ رۆژی یەكلایی كردنەوەی كۆمەڵێك دۆسیەیە كە لەساڵی ٢٠٢٣ دواخراون، ئەم دۆسیانە دوای چەندین دادبینی، دادگا دوایخستوون، روون نییە كە بەیانێش دوا بڕیاری خۆیان لەبارەوە بدات یاخود نا، لەوانە:

‎یەكەم: داوای تایبەتی بە یاسای هەڵبژاردن
‎داوای ژمارە (٨٣) اتحادیە ٢٠٢٣ و یەكخراوەكانی ( ١٣١، ١٨٥)، داواكە لە لایەن (زیاد جەبار –  ئامانج نجیب ) لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران تۆمار كراوە، داواكاران داوا دەكەن دادگا بڕیاربدات بە نادەستوری وهەڵوەشانەوەی ماددەی (٣٦،٢٢،١٥،٩،١ ) لەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، یاسای ژمارە (١) ی ساڵی ١٩٩٢ی هەموار كراو، كە تایبەتن بە ( ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان و بازەنەكانی هەڵبژاردن و كۆتای پێكهاتەكان و تۆماری دەنگدەران، دواخستی ئەم دادبینە بەهەر پاساوێك بێت كەریگەری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دروست كردوە، ئەگەر ٢١ مانگ دادگا ئەم كەیسە یەكلایی نەكاتەوە، كاریگەریی زۆری دەبێت ئەمەش وا دەكات كۆمسیۆن نەتوانێت دەست بەكاربكات، لە هەمان كاتدا دیاری كردنی وادەیەكی نوێش بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن لە لایەن سەرۆكی هەرێم قورسە، چونكە ناكرێت مەرسومێكی تر دەربكرێت چوارچێوەی یاسایی روون نەبێت، بیرمان نەچێت ئەنجومەنی كۆمسیارانی عیراق لە ٧ تەمووزی ٢٠٢٤ وادەی یاساییان تەواو دەبێت، بۆیە بڕیاری داگا گرنگە لەسەر پرۆسەی ئامادەكاری و خشتەی كارەكانی كۆمسیۆن و بەرێكەوتنی شەمەندەفەری هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان .

‎دووەم: داوای تایبەت بەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان
‎داوای ژمارە (٢٢٤) اتحادیە ٢٠٢٣، داوایەكە لە لایەن (عدالت رحیم – بخاری جمیل علی – حیدر محمد عوسمان) تۆماركراون لەسەر سەرۆك وەزیرانی ئیتحادی و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، داواكاران داوا دەكەن دادگا بڕیار بدات بە  دەركردنی ئەمرێكی وەلائی و جێبەجێكردنی یاسای بودجە ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣ و ناردنی موچەی فەمانبەرانی هەرێم، بەداخەوە دادگا لەساڵی ٢٠٢٣ ئەو داوایەی یەكلایی نەكردۆتەوە، لەكاتێكا بە بەرچاوی دامەزراوەكانی عیراق مووچەی سێ مانگی فەرمانبەران نەدراوە، شاراوە نیە كە نەدان و نەناردنی موچەو بەرزنەكردنەوەی پلەی وەزیفی فەرمانبەران پێچەوانەی دەستورە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا داداگا بڕیار لەسەر ئەم كەیسە دەدات كە نەناردنی موچە بە نادەستوری دابنێت بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بە  پاساوو هۆكاری دەستە واژەی ئینفاقی فعلی وەك لە یاسای بوجەدا هاتوە، سەرۆكی داداگا لە رۆژانی پێشوو لێدوانی داوە كە دەبێت موچەی فەرمانبەران بدرێت، هیوادارین دادگا بگاتە ئەنجام و بڕیاری خۆی بدات بە نادەستوری بونی بڕگەو مادەكانی یاسای بودجە كە كراونەتە پاساوی نەدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی لە كاتی هەمواری یاسای بودجە لە رۆژانی داهاتوو، كێشەو گرفتی بۆ دروست نەكەن و بڕیارەكەش ببێتە هۆكاری خەرج كردنی مووچە نەدراوەكانی ساڵی ٢٠٢٣و هەمواری یاساكە لەبەرژەوەندی فەرمانبەرانی هەرێم وعێراق

‎سێھەم: داوای تایبەت بەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان
‎داوای ژمارە (٢٦٩)  اتحادیە ٢٠٢٣، بەهەمان شێوە تایبەتە بە پرسی ناردنی موچەی فەرمانبەران كە داواكە لە لایەن ( رعد رفعە محمد  – ئاكۆ محمد – بدل عبدالباقی ) لەسەر ( سەرۆك وەزیرانی ئیتحادی و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان )  )تۆمار كراوە، داوكاران داوا دەكەن دادگا بڕیار بدات جێبەجێكردنی مادەی (١٢ دووەم، ماددەی ١٣ هەشتەم ) لە یاسای بودجە ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣ .

‎چوارەم: تایبەت بە جێبەجێكردنی یاسای مووچە
‎داوای ژمارە   ٢٤٧  اتحادیە ٢٠٢٣، تایبەتە بە پرسی  یاسای موچەی فەرمانبەران،داواكاران  (ئەژی برزی عارف –  محمد حسێن – خەبات لەتیف – نجم الدین محمد – دڵشاد محمد – سامان علی صالح )، داواكەیان لەسەر سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان  و وەزیری دارایی هەرێمی كوردستانە، داواكاران داوا دەكەن حكومەتی هەرێم ئیلزام بكرێت بە جێبەێكردنی یاسای  مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرتی گشتی  ژمارە (   ٢٢ ) ی ساڵی ٢٠٠٨ هەمواركراو بە تایبەتی ماددەكانی (٩،٨،٧،٦) .

‎پێنجەم: داوای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای تیرۆر
‎داوای ژمارە (٢٢٦) اتحادیە ٢٠٢٣ ، لە لایەن ( وەهاب مجید باقی ) لەسەر (سەرۆكی پەرلەمان )تۆمار كراوە، داواكار داوا دەكات، دادگا بڕیار بدات بە نادەستوری یاسای ژمارە (٣) ساڵی ٢٠٠٦  یاسای تیرۆر كە بە پێی یاسای ژمارە (٧)ساڵی ٢٠١٨ بەركرا كراوە .

‎شەشەم: داوای تایبەت بە بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆرش
‎داوای ژمارە (١٤١) ئیتحادیە ٢٠٢٣، داوایەكە لە لایەن هەر یەك لە (عزدین غازی ونجات مكرم وشاسوارنجم ولقمان عدنان ) تۆمار كراوە لەسەر سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، داواكاران داوادەكەن دادگا بڕیار بدات بە نادەستوری بوونی بڕیاری ژمارە (٨٢٤) ی ١٦ /٨ / ١٩٧٦ ی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش.

‎وەك لەسەروە ئاماژەمان پێدا، رۆژی ٢١ مانگ، شەش داوای تایبەتن بە هەرێمی كوردستان، هەریەك لەو داوایانە كاریگەریی خۆیان هەیە لەسەر هەرێمی كوردستان بەتایبەتی پرسی موچەو زەوی وزاری جوتیارانی ناوچە دابڕێنراوەكان و یاسای هەڵبژاردن، بۆیە رۆژێكی پر چاوەروانیە، چونكە ئەم داوایانە بۆ چەندین جار دواخراون و پەیوەندیدارن بە ژیان و گوزەرانی خەڵك و رەوایەتی یاسایی و دیموكراسی .

سلێمان مستەفا حەسەن

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا