پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئامانجی گەشتی ئەمجارەی ئەنتۆنی بلینكن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چیە؟
ئەو ئاماژانە چین مەترسی فراوانبوونی جەنگی ئیسرائیل و حەماس نیشان دەدەن؟
ئەمریكا دەیەوێت دوای كۆتایی هاتنی جەنگ چۆن مامەڵە لەگەڵ كەرتی غەززە بكرێت؟
جەنگی ئیسرائیل و حەماس پێی ناوەتە قۆناغێكی هەستیارو مەترسی فراوانبوونی جەنگەكەش ئەگەرێكی بەهێزو كراوەیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی رۆژی 2 ی ئەم مانگە لە هێرشێكدا لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان ساڵح محەمەد عاروری، جێگری ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە، كوژراو رۆژی دووشەممە 8ی كانوونی دووەمی 2024 یش “ویسام تەویڵ” سەركردەی دیاری سەربازی حزبوڵا لە شارۆچكەی خەربەت سلم لە باشوری لوبنان كوژرا.
لەپێناو رێگری لە فراوانبوونی شەڕ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەو گەشتێكی بۆچەند وڵاتێك دەستپێكردووە.
لەو كاتەوەی شەڕی ئیسرائیل و حەماس هەڵگیرساوە، ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا چوارەم گەشتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێكردووە.
ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، رۆژی دووشەممە، پێش ئەوەی سەردانی ئیسرائیل بكات، گەیشتە سعودیەو لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە كۆبووەوە.
سەردانەكەی بلینكن بۆ سعودیە لە چوارچێوەی گەشتێكی ناوچەییدایە كە بلینكن لە توركیاوە دەستیپێكردووە، هەروەها وڵاتانی یۆنان، ئوردن، قەتەر و ئیماراتیشی لەخۆگرتبوو، بۆ هۆشداریدان لەوەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی، كە پێی ناوەتە چوارەمین مانگی خۆیەوە، لەوانەیە فراوان ببێت.
پێش ئەوەی بەرەو سعودیە بڕوات، بلینكن رۆژی دووشەممە 8 ی كانوونی دووەمی 2024، لە ئەبوزەبی، لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆكی ئیمارات كۆبووەوە، وەك ئاژانسەكان بڵاویانكردەوە كە باسیان لە پێشهاتەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە، بەتایبەتی پێشهاتەكانی فەلەستین و كاردانەوە مەترسیدارەكانی جەنگ لە كەرتی غەززە.
“ڕۆژئاوا دوای 3 مانگ لە شەڕ و پێكدادان لە هەوڵی ڕێگریكردن لە فراوانبوونی شەڕی غەززەیە”
لە یەكەم سەردانی ئەم گەشتەیدا، بلینكن لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا و هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا كۆبووەوە.
ئەنتۆنی بلینكن رۆژی شەممە، 6ی كانوونی دووەمی 2024، لە ئیستەنبووڵ كۆنفرانسی رۆژنامەوانی نەكرد، بەڵام لە دوورگەی كریتی یۆنان بەرلەوەی بەرەو عەمانی پایتەختی ئوردن وڵاتەكە جێبهێلێت وتی، لە توركیا سەرنجی فراوانمان خستەسەر ئەوەی توركیا دەتوانێت بە بەكارهێنانی كاریگەری و پەیوەندییەكانی چی بكات بۆ ئەوەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات. قسەمان لەسەر ئەو رۆڵەش كرد كە توركیا دەتوانێت بیگێڕێت لە دوای شەڕی غەززە لەوەی پەیوەندی بە پرسە پڕ ئاڵنگارییەكان هەیە، وەكو حوكمڕانی فەلەستینییەكان و بونیادنانەوە، هەروەها ئەوەی توركیا دەتوانێت لەگەڵ ئەوانی دیكە بیكات بۆ ئەوەی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست درێژە بكێشێت.
“مەترسی دەكرێت گرژییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە كۆنتڕۆڵ دەربچن”
گرژییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەسەندنێكی خێرا و چاوەڕواننەكراو بەخۆیانەوە دەبینن، پێكدادان لەسەر سنووری ئیسرائیل و لوبنان زیادی كردووە، هێرشی گرووپە چەكدارەكان لە عێراق بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی ئەمریكا لە هەڵكشاندایە و حووسییەكان كەشتییە بازرگانییەكان لە دەریای سووور بە ئامانج دەگرن.
بلینكن لەوبارەوە وتی: بەڕای من روونە كە لە بەرژەوەندیی سەرجەم وڵاتانی ناوچەكەیە فراوانبوونی شەڕ روونەدات، دەمانەوێ دڵنیا بین كە ئەو وڵاتانەی هاوڕان، پەیوەندی و كاریگەرییان لەگەڵ هەندێ وڵاتی دی بەكاردەهێنن، هاوكاربن و دڵنیایی بدەن كە شەڕەكە بەسەر ناوچەكەدا بڵاونابێتەوە، روونە كە ئەمە لەبەرژەوەندیی هەموو لایەكدایە و لە رۆژانی داهاتوودا سەرنجمان لەسەر ئەمە دەبێت.
بلینكن پشتگیریی خۆی بۆ ئیسرائیل لە شەڕی حەماس دووپاتكردەوە و جەختی كردەوە لەدوای حەماس خەڵكی غەززە حوكمڕانی بگرنە ئەستۆ و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەشێوەیەك بێت، جارێكی دیكە رووداوەكانی 7ی ئۆكتۆبەر دووبارە نەبنەوە.
لە دوای 7ی ئۆكتۆبەرەوە زیاتر لە 100 هێرش كراونەتە سەر ئەمریكا و بەرژەوەندییەكانیان لە عێراق و سووریا. حوسییەكان لە مانگی نۆڤەمبەرەوە زیاتر لە 100 هێرشی مووشەكی و درۆنییان كردووەتە سەر ئەو كەشتییانەی بە رێڕەوە ئاوییەكان تێپەڕدەبن. لە رۆژی هەینیشەوە ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنانی زیاتر 100 مووشەكیان ئاراستەی پێگەكانی یەكدی كردووە.