پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە4ی کانونی یەکەم، لەسەر بانگهێشتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای سیاسی و ئابوری سەردانێک بۆ تورکیا ئەنجام بدات.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران(ئیرنا)، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەردانەکەیدا دیدارێکی تایبەت لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، هاوتا تورکەکەی ئەنجام دەدات و پاشان بەشداری لە هەشتەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای هاوکاریی ئێران و تورکیا بە سەرۆکایەتی سەرۆک کۆماری دوو وڵات دەکات.
لە سەردانەکەدا، لە کۆبوونەوەی هاوبەشی بازرگانان و چالاکانی ئابوری ئێران و تورکیا هەردوو سەرۆک کۆماری تورکیا و ئێران بەشداری دەکەن، هەروەها سەرۆک کۆماری ئێران لەگەڵ ئێرانییەکانی نیشتەجێی تورکیا کۆدەبێتەوە.
هاوکات، بڕیارە ئیبراهیم ڕەئیسی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، دوای کۆبوونەوەکەیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش بەمەبەستی ڕوونکردنەوەی ئەنجامی دانوستانەکانیان ئەنجام بدەن.