لەتیف رەشید: کریستیانەکان پێکهاتەیەکی سەرەکین لە فرەچەشنی مرۆیی وڵات

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق پێشوازیکرد لە وەفدێکی فراوانی سەرۆکی تائیفەکانی کریستیان لە عێراق و میتیجیا لێسکۆڤار باڵیۆزی ڤاتیکان.

لە سەرەتای دیدارەکەدا، سەرۆککۆمار پیرۆزبایی لە وەفدەکە و هەموو کریستیانەکانی عێراق و جیهان کرد بەبۆنەی جەژنی لەدایکبون و ساڵی نوێوە، هیوای ئارامی و ئاشتی بۆ گشت کریستیانەکان و عێراقییەکانیش خواست.

هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، کریستیانەکان پێکهاتەیەکی سەرەکین لە فرەچەشنی مرۆیی وڵات، کە پەرۆشین بۆ دەستەبەرکردن و زامنکردنی مافەکانیان و بەشداریکردنیان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا وەک پێکهاتەکانی دیکەی عێراق. هەروەک ستایشی هەڵوێستە نیشتمانییەکانی پێکهاتەی رەسەنی کریستیانی کرد لە پاڵ براکانیان لە سەرجەم پێکهاتەکان لە عێراقدا.

سەرۆککۆمار بۆ ئامادەبوانی دوپاتکردەوە، دەرگاکانی سەرۆکایەتی کۆمار لەبەردەم گشت پیاوانی ئایینی بە جیاوازی تائیفەکانیانەوە واڵان بۆ گوێگرتن لە داواکاریی و گرنگیدان بە دابینکردنی پێداویستیەکانیان.

هەروەها سەرۆککۆمار جارێکی دیکە دڵگرانی خۆی بۆ روداوەکەی حەمدانیە دوپاتکردەوە و هاوسۆزی خۆی بۆ خانەوادەی قوربانییەکان دەربڕی، هاوکات نیگەرانی خۆیشی سەبارەت بە بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر غەزە دەربڕی، کە دەبێتەمایەی کارەسات و کێشە بۆ هاووڵاتیانی فەڵەستینی.

لەلای خۆیانەوە، ئەندامانی وەفدەکە سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆککۆمار دەربڕی بۆ میوانداریکردنیان و پیرۆزباییکردن لێیان و لە هەموو کریستیانەکان بەبۆنەی جەژنی لەدایکبونەوە، هەروەها ستایشی هەڵوێستەکانی بەڕێزیان کرد بۆ پشتگیریکردنی لە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم عیراقییەکان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا