شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات

پۆڵەتیك پرێس

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو شاندێك لە هەرێمەوە سەردانی بەغدا دەكاتەوە.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ كونسوڵ و دیپلۆماتكار و نوێنەرانی وڵاتان لە كوردستان رایگەیاندووە، هەفتەی داهاتوو شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات و بەردەوامی بە گفتوگۆكانی نێوانیان دەدەن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، كاریان كردووە تاوەكو كێشەكانی هەرێم و ناوەند لەسەر بنەمای دەستور چارەسەر بكرێن، هەرێم لای خۆیەوە گشت پابەندبوونەكانی خۆی بە رێككەوتنەكانەوە جێبەجێكردووە.

مەسرور بارزانی بەپێویستی زانیووە، بابەتی موچە دوربخرێتەوە لە ململانێی سیاسی و نەكرێتە كارتێكی فشار لە دژی هەرێم.

هاوكات فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغدا بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، شاندەكە سەردانی بەغدا دەكەن، بەڵام هێشتا سەرۆك و ئەندامانی شاندەكەو كاتی چونیان بۆ بەغدا دیارینەكراوە.

پێشتریش چەندینجار شاندی هەرێم سەردانیان بەغدایان كردووە، بەڵام هیچكات نەگەشتوون بەرێككەوتن، لەئێستاشدا داوا دەكرێت لە بری شاندی حكومی شاندێكی سیاسی سەردانی بەغدا بكەن.

ئەو سەردانە لەكاتێكدایە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پەسەندكردنی بودجەی گشتی ساڵی 2021 عێراق بدات، چاوەڕوانیش دەكرێت تا رێككەوتنی سیاسی نەكرێت پشكی كورد لە پرۆژە یاساكەدا تێنەپەڕێنرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا