عێراق ڕێوشوێنی ئەمنی توند لەنزیك چەند ناوچەو باڵیۆزخانەیەك دەگرێتەبەر

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق داوا دەكات هێزی ئەمنیی زیاتر بۆ پارێزگاریكردن لە باڵیۆزخانەی شەش وڵات لە بەغدا لەو وڵاتانەی كە پشتیوانیی كارەكانی بزووتنەوەی حەماسیان لە هێرشەكانی بۆ سەر ئیسرائیل نەكردووە، بڵاوبكرێتەوە و رێوشوێنی زیاتر بگیرێنەبەر، ئەوە لە كاتێكدایە بڕیارە رۆژی هەینی نوێژی یەكگرتوویی بۆ پشتیوانیكردن لە فەلەستین لە بەغدا بكرێت و خۆپیشاندانی ملیۆنیش بەڕێوەبچێت.

بەپێی نووسراوێكی فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق كە رۆژی پێنجشەممە بە ژمارە 1126 ئاڕاستەی هەشت دەزگای ئەمنی كراوە، داوادەكرێت هێزی ئەمنی و رێكارە ئەمنییەكان لە نزیك ئەو باڵیۆزخانانەی كە هەڵوێستی”نەرێنی”یان لەگەڵ دۆزی فەلەستین هەبووە بەهۆی رووداوەكانی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل تووند بكرێت.

ئەو شوێنانەشی لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە بریتییە لە “سەنتەری رۆشنبیریی توركی لە ناوچەی وەزیرییە، باڵیۆزخانەی ئۆكرانیا، باڵیۆزخانەی بەحرەین لە ناوچەی مەنسوور، باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە شەقامی سەعدوون لە نزیك گۆڕەپانی كەهرەمانە.
هەرچی پەیوەستە بە باڵیۆزخانەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و بەریتانیا لە ناوچەی سەوزی بەغدا، لە نووسراوەكەدا هاتووە: نووسراو بۆ فەرماندەیی فیرقەی تایبەت بكرێت بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویست لەنزیك ئەو باڵیۆزخانانە بگیرێتەبەر”.

لە 7ی ئەم مانگەوە چەكدارانی بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی ئەقسا یان دژی ئیسرائیل راگەیاند و هێرشیان كردە سەر چەند ناوچەیەكی ئیسرائیل و لەوكاتەوەش ئیسرائیل بەردەوام كەرتی غەززە بۆردوومان دەكات و هیچ ئاماژەیەكیش بۆ هێور بوونەوەی دۆخەكە بەدی ناكرێت.

لە ساتی دەستپێكردنی هێرشەكەی حەماسەوە، لانیكەم هەزار و 300 كەس لە ناو ئیسرائیلدا كوژراون و سەرووی سێ هەزاری دیكەش برینداربوون، ئەمە وەك بەرپرسانی ئیسرائیلی رایانگەیاندووە.

لە هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەكانی ئیسرائیلیش بۆسەر كەرتی غەززە، هەزار و 417 كەس كوژراون كە 447یان منداڵ و 248یان ژنن، هەروەها 6 هەزار و 268ی دیكەش برینداربوون، ئەمە بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا