قوباد تاڵەبانی‌و باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق چەند پرسێك تاوتوێدەكەن

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە كریستیانە هۆمان، باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ كران.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی دووشەمە 9ی ئۆكتۆبەری 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا كرد و هیوای خواست لە ماوەی ئەركەكەیدا لە عێراق، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ئەڵمانیا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

لە بەشێكی كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كرا.

لەمبارەیەوە جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەیدا بە گرفت و بەربەستەكانی بەردەم جێبەجێكردنی یاسای بودجە و رایگەیاند: لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ زاڵبوون بەسەر كێشەكان و نابێت هاوڵاتییانی هەرێم لەوە زیاتر لە دۆخی بێ بودجەیی و بێ موچەییدا بمێنن.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی هاوكارییەكانی حكومەتی ئەڵمانیای كرد بۆ هەرێمی كوردستان، بە تایبەتیش دەستخۆشی كرد لە هاوكارییەكان و هەماهەنگییەكانی حكومەتی ئەڵمانیا بۆ ئەو پڕۆژانەی لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانەوە ئامادە كراون، لەوانە هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات و پڕۆژەكانی ریفۆرمی ئابوری و پڕۆژەی گەشتوكاڵ، كە لە هەموو ئەو بوارانەدا حكومەتی ئەڵمانیا بە شێوازی جیاواز هاوكاری نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانی كردوە.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە كرا. جێگری سەرۆك وەزیران روونكردنەوەی پێویستی دا لەبارەی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ریفۆرم لە هێزەكانی پێشمەرگە و لەمبارەیشەوە سوپاسی حكومەتی ئەڵمانیای كرد كە لە چەند ساڵی رابردوودا لە هەموو قۆناغەكانی پرۆسەكەدا یارمەتیدەری حكومەتی هەرێم بووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا