رووسیا: 31 درۆنی ئۆکراینامان تێکشکاند

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، شەوی رابردوو بەرگریی ئاسمانی رووسیا توانیوویەتی 31 درۆنی ئۆکراینا تێکبشكێنێت کە مۆسکۆ بە گەورەترین هێرشی ئاسمانی سەر وڵاتەکەی دادەنێت لەوکاتەوەی جەنگی لەدژی ئۆکراینا راگەیاندووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 4-10-2023، وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، هێزەکانیان توانیوویانە 31 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی تێکبشکێنن. وەزارەتەکە هیچ زانیارییەکی لەبارەی زەرەو زیانەکانی هێرشەکەوە بڵاونەکردووەتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، وەزارتی بەرگری رووسیا دەشڵێت، فڕۆکە هێرشبەرییەکانی رووسیا توانیوویانە هەوڵێکی ئۆکراینا شکستپێبێنن کە بەنیازبوون لەرێگەی ژمارەیەک بەلەمی سەربازی گروپێک سەرباز لە رێگەی دەریاوە بگوازنەوە بۆ رۆژئاوای نیمچە دوورگەی کرایمیا.

رووسیا نیچمە دوورگەی کرایمیای لە ساڵی 2014 بەشێوەیەکی تاکلایەنانە و بێ گوێدانە ناڕەزایەتی رۆژئاوا لکاند بە وڵاتەکەیەوە. لەوکاتەوە بووەتە شوێنێکی گەرمی پێکدادانەکانی نێوان سوپای رووسیا و ئۆکراینا و چەندین جار لەلایەن کیێڤەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ئامانج گیراوە.

ئۆکراینا ترسی لە وەستاندنی هاوکارییەکانی رۆژئاوا هەیە بۆ وڵاتەکەی، سێ مانگ بەر لە ئێستا ئۆپراسیۆنی دژە هێرشی بۆ سەر هێزەکانی رووسیا راگەیاند. بەڵام بەپێی بۆچوونی زۆربەی شارەزیان، ئۆپراسیۆنەکە بە سستی بەرێوە دەچێت و ئۆکراینا ناتوانێت بەزووی ناوچەکان کۆنتڕۆڵ بکاتەوە.

مانگی رابردوو، پۆڵەندا وەک یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی هاریکاری ئۆکراینا، بڕیاری راگرتنی سەرجەم هاوکارییە لۆجستی و سەربازییەکانی بۆ حکومەتی کیێڤ راگەیاند. ئەمەش بەهۆی پەرەسەندنی کێشەو ململانێ سیاسییەکانی ئەو وڵاتە لەسەر پرسی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکراینا بۆ ئەوروپا و ناڕەزایەتی پۆڵەندا.

دەنگی ناڕەزایەتی دژ بە هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا، لە ئەمریکاش بەرزتر و گەورەتر دەبێت. پێشتر کۆنگرێس هۆشداری دابوو لەوەی کە ناتوانێت شوێنی ئەو چەکانە پڕبکاتەوە کە وڵاتەکەی دەیدات بە ئۆکراینا بەهۆی نەبوونی پارەی پێویست.

بەشێکی زۆر لە دەنگدەران و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە پارتی کۆمارییەکان، دژی ناردنی هاوکاری سەربازی زیاترن بۆ ئۆکراینا و لە ئەگەری وەستاندنی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا، ئەو وڵاتە گەورەترین دابینکەری چەکی لەدەست دەدات.

جەنگی ئۆکراینا و رووسیا پێدەنێتە 20ەمین مانگییەوە لە رێککەوتی 24ی شوباتی 2022، دەستی پێکرد و تا ئێستا بەردەوامە، بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا 30ی حوزەیرانی ئەمساڵ، 9 هەزار و177 هاوڵاتی سڤیل کوژراون و 15 هەزار و 993 کەسیش بریندار بوون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا