قوباد تاڵەبانی بۆ وەفدێكی سەربازی ئەڵمانیا: هێرشكردنەسەر فڕۆكەخانەی عەربەت پێشهاتێكی مەترسیدارە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە وەفدێكی سەربازی ئەڵمانیا بە سەرۆكایەتی كۆلۆنێڵ بۆڵینگێر فەرماندەی هێزەكانی ئەڵمانیا لە هەرێم و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا رووداوی هێرشكردنەسەر هێزەكانی دژەتیرۆر و چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێ كران.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی چوارشەمە 20ی ئەیلولی 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا بێنجامین هانا كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا بە وەكالەت ئامادەی بوو، وەفدەكەی ئەڵمانیا بەبۆنەی شەهیدبوونی سێ پێشمەرگەی هێزەكانی دژەتیرۆر، پرسە و سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی قوباد تاڵەبانی و هێزەكانی دژەتیرۆر كرد و بە توندی ئیدانەی هێرشەكەشیان كرد.

لەمبارەیەوە جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند هێرشكردنەسەر فڕۆكەخانەی عەربەت پێشهاتێكی مەترسیدار و پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەری عێراقە و تیایدا هێزێكی فەرمی كوردستانی و عێراقی كراوەتە ئامانج. پاساوی لایەنی هێرشبەریشی رەتكردەوە و رایگەیاند شەهیدەكان و بریندارەكانی رووداوەكە هەموویان پێشمەرگەی قارەمانی كوردستان و ئەندامی هێزەكانی دژەتیرۆر بوون و بە هیچ شێوەیەك جگە لە هێزی دژە تیرۆر هیچ هێزێكی دیكە لە فڕۆكەخانە نەبووە.

قوباد تاڵەبانی داواشیكرد حكومەتی عێراق و هاوپەیمانان هەنگاوی كردەیی و جدی بگرنەبەر بۆ رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە و پێشێلكردنی سەروەری خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە كرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەكرد بەهۆی نەبوونی وەزیری پێشمەرگەوە هەنگاوەكانی چاكسازی وەك پێویست جێبەجێ ناكرێن، وتیشی كاندیدی خۆمان بۆ وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت دەستنیشان كردوە و هیوادارین بە زووترین كات ڕێوشوێنە یاساییەكانی دەستبەكاربوونی كۆتایی پێ بێت تا جێبەجێكردنی پڕۆسەی چاكسازی بكەوێتەوە سەر رێڕەوی خۆی بە جۆرەی كە پلانی بۆ دانراوە.

هۆشداریشی دا كە دواخستنی هەنگاوەكانی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە زیان بە پێگەی هەرێم دەگەیەنێت و دەبێتەهۆی بێ متمانەیی هێزەكانی هاوپەیمان و دۆستەكانی هەرێمی كوردستان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا