دادگای باڵا بڕیاردانی لەبارەی تەواوبوونی وادەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم دواخست

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سێ سکاڵای تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و تەواوبوونی وادەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژی 12ی ئەیلوول دواخست.

بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 3-9-2023 دادگاکە بۆ تاوتوێکردنی شەش سکاڵا لەبارەی چەند دۆسیەیەک لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

دادگاکە بڕیاری دواخستنی بڕیاردانی لەسەر چوار سکاڵا دا، کە سێیان دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و درێژکردنەوەی وادەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تۆمارکرابوون.

یەکێک لەو سکاڵایانەی بڕیاردان لەبارەیەوە بۆ رۆژی 12ی ئەیلوولی 2023 دواخرا، لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە ژمارە تۆمارکراوە.

یەکێکی دیکە لەو سکاڵایانەی بۆ رۆژی 12-9-2023 دواخرا، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە.

سکاڵایەکی دیکە کە دواخراوە لەلایەن ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە و تێیدا ناوبراو داوا دەکات دادگاکە بڕیاری نادەستووریبوونی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە یەکی ساڵی 1992 و هەموارەکانی بدات.

هەروەها سکاڵای شاخەوان لوقمان حەکیم کە بە ژمارە 178/فیدراڵی/2023 تۆمارکراوە، بۆ رۆژی 12-9-2023 دواخرا. سکاڵاکار لەو سکاڵایەیدا داوا دەکات دادگا بڕیار لە نادەستووریبوون و هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە 42 ی ساڵی 2004ی پەرلەمانی کوردستان بدات، کە یاسای هەمواری یاسای سزادانی عێراقییە و شوێنەوارەکانی پووچەڵبکرێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا