بەهۆی کەمئاوییەوە ئیسپانیا ناچار دەبێت رێگەیەکی ترسناک هەڵبژێرێت

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری واڵ ستریت، نزیکەی سەدا 20ـی ئاوی بەلوعەی ماڵانی شاری بەرشەلۆنەی وڵاتی ئیسپانیا، لە رێگەی ئاوی فلتەرکراوی دەریا و زەریاکان و ئاوی زێرابەکانەوە بەرهەم دەهێندرێت و، رۆژنامەکە دەڵێت، بەرپرسانی شارەکە بە ناچاری ئەم رێگەچارەیەیان گرتووەتە بەر بەهۆی ئەو ووشکەساڵی و کەمئاوییەی بەرۆکی وڵاتەکەی گرتووە.

گۆڤارەکە ئاماژە بەوە دەکات، وڵاتانی سەر دەریای سپی ناوەڕاست خێراتر لە هەر شوێنێکی گۆی زەوی بەرەو گەرمبوون و وشکبوون دەچن، رەنگە ئەم رێگەچارەیەی حکومەتی ئیسپانیا ببێت بە “ئاوی خواردنەوەی مرۆڤایەتی لە داهاتوودا”.

سەرەتای ئەم مانگەش، حکومەتی خۆجێی هەرێمی کەتەلۆنیا بەهۆی کەمئاویی و وشکەساڵییەوە، باری نا ئاسایی لە 24 پارێزگا و ناوچە راگەیاند.کە ژمارەی دانیشتوانی ئەم ناوچانە نزیکەی 24 هەزار کەسن و ناچار کراون ئاو پاشەکەوت بکەن و بەفیڕۆی نەدەن.

هەرێمی کەتەلۆنیا دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتی ئیسپانیا، یەکێکە لەو ناوچانەی کە مەترسییەکی گەورەی گۆڕانکاری کەشووهەوای لەسەرە و بەهۆی ووشکەساڵی و کەم بارینی باران لە چەند ساڵی رابردوودا، دەسەڵاتدارانی ئەو هەرێمە چەند رێکارێکیان گرتووتە بەر بۆ پارێزگاریکردن و بەفیڕۆنەدانی ئاو.

بۆ رێگریکردن لە بەفیڕۆچوونی ئاو، دەسەڵاتدارانی ئەو هەرێمە باری نائاسایی وشکەساڵییان راگەیاندووە و چەند رێکارێکیان گرتووتە بەر، لەوانە، ئاوی ئاودێری دەبێت %80 کەم بکرێتەوە و لەگەڵ کەمکردنەوەی %25ـی ئەو ئاوەی بۆ پیشەسازییەکان بەکاردێت. پڕکردنی مەلەوانگەکان و ئاودانی باخچە و پارکەکان قەدەغەکراوە، هەر بە پێی یاساکانی حکومەت، نابێت فوارە و حەوزەکانی سەر شەقامە گشتییەکان ئاویان تێ بکرێت و شۆردنی ئۆتۆمبێلیش قەدەغەیە.

هەرێمی کەتەلۆنیا یەکێکە لەو ناوچانەی کە زۆر بە قورسی رووبەڕووی کاریگەریەکانی وشکەساڵی بووەتەوە لە چەند ساڵی رابردوودا، هەندێک ناوچەی کەتەلۆنیا و هەرێمی ئەندەلووس ماوەیەکە یاسای پاراستن و بەفیڕۆنەدانی ئاو جێبەجێ دەکەن.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا