پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، لە بڕگەی دوەم لە ماددەی (12) ی پرۆژە یاسای بودجەدا كۆی ئەو بڕە پارانە هەڵوەشاوەتەوە بۆ هەرێم تەرخانكراوە.
لەوبارەوە عەلی حەمە ساڵح نووسیویەتی: تەڵەیەكی مەترسیدار بۆ موچەخۆرانی هەرێم لە نێو بودجەی عێراقدا
بۆ: سەرجەم فراكسیۆنە كوردیەكان لە پەرلەمانی عێراق.
ئەو پرۆژە یاسایەی بودجەی عێراق بۆ سێ ساڵە2023و 2024 و 2025… پەیوەستە بە ژیانی یەك بەیەكی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانەوە. وەك تەرخانكراوی پشكی هەرێمی كوردستان بڕە پارەیەكی باش تەرخانكراوە. كۆی گشتیی شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2023، لە ئەگەری خەرجكردنی 100%ی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، ساڵانە دەكاتە( 18 ترلیۆن و 310 ملیار) دینار و مانگانە دەگاتە( 1 ترلیۆن و 526ملیار دینار).. ئەم بڕەیە زۆرە.
عەلی حەمە ساڵح دەشڵێت، بەڵام بە بڕگەی دوەم لە ماددەی (12) دا كۆی ئەم بڕە پارانە هەڵوەشاوەتەوە بۆ هەرێم تەرخانكراوە، لەم بڕگەدا هاتوە: هەژماركردنی بەشی هەرێمی كوردستان لە هیچ حاڵەتێكدا نابێت لە رێژەی داهاتی نەوتی و بەشی گەنجینە لە داهاتی خاڵە سنوورییەكان زیاتر بێت (وبما لایزید عن النسبە ذاتها من الإیرادات النفطیە وحصە الخزینە من إیرادات المنافذ الحدودیة).
واتە: هەرێم چەند داهات بۆ بەغدا دابین بكات، بەغدا لەو بڕە زیاتری پێناندات!
واتە: ئەگەر ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوت بەم شێوەی ئێستا بەردەوام بێت، بەم بڕگە بەغدا هیچ بڕە پارەیەك ڕەوانەی هەرێم ناكات.
ئەوەش دەخاتەڕوو، بۆیە دەبێت مەرجی یەكەمی فراكسیۆنە كوردیەكان هەڵگرتنی ئەم بڕگە بێت، ئەگەرنا مانەوە لەم پەرلەمانەدا هیچ شتێك پێشكەش بە خەڵكی كوردستان ناكات. ئەم یاسایە بۆ سێ ساڵە.. دەبوو هاوشێوەی شارەكانی دیكەی عێراق مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكات.
عەلی حەمە ساڵح ئەوەش رووندەكاتەوە، ئەگەر ئەم بڕگە چارەسەر بكرێت، پرۆژەكە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان گرنگی گەورەی هەیە.