دوای تاران کوێ دەبێتە پایتەخت؟

پۆڵەتیک پریس 

ماوەیەکە دەنگۆ و گفتوگۆی گواستنەوەی پایتەخت لە تارانەوە بۆ شوێنێکی دیکە بووە بە باس و خواستنی گەرمی میدیاکانی ئێران و بەشێک لە بەرپرسانی ئێران پێیان وایە چارەسەرێکی بنەڕەتییە بۆ گرفتەکانی پیسبوونی ژینگە و قەرەباڵغی شارەکە و ئەو زەمین لەرزانەشی لە شارەکەدا روودەدەن، لە بەرامبەردا ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە دەڵێن: خۆپیشاندانەکانە یەک لە دوای یەکەکانی تاران دەسەڵاتدارانی ناچارکردووە بیر لەو ئەگەرە بکەنەوە.

ئەبولفەزڵ ئەبوتورابی پەرلەمانتاری ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە: پاش کۆرۆنا بڕیار لەسەر گواستنەوەی پایتەخت دەدرێت.

 

پاش کۆرۆنا بڕیار لەسەر گواستنەوەی پایتەخت دەدرێت

 

ئەو پەرلەمانتارەی ئێران باسی لەوەشکردووە، کۆمپانیای خاتەمولئەبنیای سەر بە سوپای پاسداران داوایەکی فەرمی پێشکەش بە حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئێران کردووە، کە ئامادەیە پرسی گواستنەوەی پایتەخت لە تارانەوە بۆ شوێنێکی دیکە لە ئەستۆبگرێت.

 

سوپای پاسداران ئامادەیە پرسی گواستنەوەی پایتەخت لە تارانەوە بۆ شوێنێکی دیکە لە ئەستۆ بگرێت

 

وتیشی: لەساڵانی رابردوودا رۆحانی بە فەرمی داوای لە وەزیری رێگاوبان و گەشەپێدانی بیناسازی کردووە بڕیاری لەسەربدەن، بەڵام لە ئێستادا دواخراوە بۆ پاش کۆرۆنا.

لە ئێستادا ژمارەی دانیشتوانی تاران بۆ ١٤ ملیۆن بەرزبووەتەوە و قەرەباڵغییەکی زۆر لەو شارەدا دروستبووە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان بەگشتی و خانووبەرە بەتایبەتی و ژینگەکەشی پیسبووە.

چەندین جار باس لە گواستنەوەی پایتەخت لە تارانەوە بۆ شوێنێکی دیکە کراوە، بەڵام تا ئێستا ناوی هیچ شارێک نەهێنراوە.

تاران لە ساڵی ١٧٩٥ـەوە بووە بە پایتەختی ئێران و لە پێش تاراندا شیراز پایتەخت بووە.

لە لایەکی ترەوە، چاودێران و بەشێک لە ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی دەڵێن، خۆپیشاندانە یەک لە دوای یەکەکانی تاران حکومەتی ناچارکردووە بیر لە گواستنەوەی پایتەخت بکاتەوە بۆ شوێنێک لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا بێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا