پۆڵەتیک پرێس
هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، لە ناوچەکانی دێرەزوور ١٤ چەکداری داعشیان دەستگیرکردووە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ ی ئایاری٢٠٢١ بڵاویکردووەتەوە، هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاندووە، لەمیانەی پرۆسەیەکی ئەمنی لەناوچەی شوحەیل-ی سەر بە دێرەزوور، یەکەیەکی تایبەتی ئاسایش بە پشتیوانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ١٤ چەکداری داعشیان دەستگیرکردووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، دەستگیراوە بەسەر چەک و ئەو کەرەستە سەربازییانەی ئەو چەکدارانە بەکاریانهێناوە.
لە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووەوە هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” ئۆپراسیۆنێکی ئەمنییان لە بەشی باکور و باکوری رۆژهەڵاتی دێرەزوور دەستپێکردووە، ئەو پرۆسەیە لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعشە لە دۆڵی عەجیج لە نزیک سنورەکانی عێراق و سوریا.