پۆڵەتیك پرێس:
تا دێت لایەنە شیعەكانی عێراق بازنەی دژایەتییەكانیان بۆ رێككەوتنی هەردوو حكومەتی عێراقو هەرێمی كوردستان بۆ پرسی شنگال فراوان دەكەن.
هەردوو حكومەت لەرۆژی نۆی ئەم مانگە لەسەر پرسی شنگال رێككەوتن، كە بەپێی رێككەوتنەكە، ئیدارەیەكی هاوبەش بۆ بەرێوەبەردنی شنگال پێكدەهێنرێتو هێزەكانی دەرەوەی سوپای عێراق لەو شارە دەكرێنە دەرەوە.
بەڵام ئەم رێككەوتنە ئێستا كاردانەوەی دروست كردووەو كاردانەوەكانیش زیاتر لایەنە شیعەكانن، كە دژی رێككەوتنەكەنو داوا دەكەن جێبەجێنەكرێت.
لەو بارەوە ڕیاز محەمەد، ئەندامی هاوپەیمانی سائیروون، دەڵێت: ڕێككەوتنی شنگال هەڵگەڕانەوەیەكی مەترسیدارە لەوڵاتدا.
محەمەد دەشڵێن: بڕیار بوو ڕێككەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر قەزای شنگال لەپەرلەمانی عێراق پەشەند بكرێت، بەڵام ئەوە نەكراوە، بۆیە ئێمە رەتیدەكەینەوە.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش كردووە، مادەی 140 ی دەستووری عێراق پێناسەی ئاساییكردنەوەی ناوچە جێناكۆكەكان دەكات نەك رێككەوتنەكان، بۆیە دەبێت بەپێی دەستوور ئەو پرسە چارەسەر بكرێت.
پێشتریش هەریەكە لەهاوپەیمانی فەتحو دەوڵەتی یاسا، دژایەتی خۆیان بۆ رێككەوتنی شنگال راگەیاندبوو، هەروەها هۆشدارییاندابوو، لەوەی ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەمان رێككەوتن لەكەركوكیش هەیە، كە ئەوان دژی ئەو رێككەوتنەش دەوەستنەوە.