پۆڵەتیك پرێس:
سەركردە كوردییەكان هەرگیز ئەوەیان بەخەیاڵدا نەداهات ڕۆژێك بێت ئیسرائیل دەستبەرداری دژایەتی عەرەب ببێتو پەیمانی ئاشتییان لەگەڵ واژووبكاتو دەستبەرداری دۆستایەتی كوردیش ببێت.
لەدوای گۆڕانكارییەكانی ماوەی رابردوو، بەتایبەتی دوای رێككەوتنی ئیسرائیلو ئیمارات، ئەوەی چاوەڕێ نەكرا روویدا، بەوەی ئیسرائیل چیتر پێویستی بەنێچیرە بچووكەكان نەماوەو بڕیاریداوە دەستبەرداری كارتی دەوڵەتی كوردی بێت، كە دەیویست ئەو پرسە بكاتە ئەسپەكەی تەڕوادەو ئامانجەكەی خۆی پێ بەدیبهێنێت.
ئیسرائیل ئێستا گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی نە لەئێستاو نە لەسبەینێو نە لەدوای چەند سەدەیەكی دیكەش، سەركردە كوردەكان ناتوانن ببنە هۆكارێك بۆ دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان.
سەركردە كوردەكان ناتوانن ببنە هۆكارێك بۆ دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان
ئەو چەند دێرە بۆچوونی نووسەرێكی عەرەب، یان عێراقی نییە بەرانبەر كوردو سەركردەكانی، بەڵكو شیكارییەكی “ئیهود یەعیری” نووسەر و شرۆڤەكاری سیاسی ئیسرائیلییە، كە ناوبراو نزیكە لەناوەندی بڕیاری ئیسڕائیلەوە.
ئەو لەمیانی لێدوانێكی باسی لەوە كردووە، ئیسرائیل پەشیمانە لەو پشتگیرییەی چەندین ساڵە بۆ كوردو دۆسییەكەیو سەركردەكانی كردوویەتیو ئێستا دەیەوێت ئەو ستراتیژەی بگۆڕێت.
ئیهود یەعیری دەڵێت: ئیسرائیل لەماوەی چەند دەیەی رابردوو بەچەندین شێوەی جیاواز هاوكاری سەربازیو ڕاوێژكاریو تەندروستیو دبلۆماسیو ئابووری هەرێمی كوردستانی كردووەو تەنانەت بەشێوەیەكی نهێنی نەوتی هەرێمی كوردستانی كڕیوە.
ئەو شرۆڤەكارە باس لەوەش دەكات، بۆ ماوەی چەند ساڵێك پەیوەندی بەهێز و هاوڕێیەتی تۆكمەی لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لەسەركردە كوردەكاندا هەبووەو دەشڵێت: هەمیشەش خۆم بەپشتیوانو دڵسۆزی خەباتی ئەوان زانیوە، بەڵام بەئەزموون بۆم دەركەوت ئەوان لەپێناو بەرژەوەندییەكانیان ئەو هەلانە لەدەست دەدەن، كە بۆیان دەرەخسێت.
یەعیری ئەوەش دەڵێت: سەركردەكانی ئێستای كوردستان هیوایەكی زۆریان بەدەرچوونی جۆ بایدنی كاندیدی دیموكراتەكان بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا هەیە، بەڵام ئەگەریش ئەو بەسەرۆكی تازەی ئەمریكا هەڵبژێرێت، ئەوە پێشنیازی دابەشكردنی عێراقو دابڕینی هەرێمی كوردستانو دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی ناكاتەوە هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە سەركردە كوردەكان بەردەوامن لەململانێی ناوخۆیی.
سەركردەكانی ئێستای كوردستان هیوایەكی زۆریان بەدەرچوونی جۆ بایدنی كاندیدی دیموكراتەكان بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا هەیە
شڕۆڤەكارە ئیسرائیلییەكە باسی لەوەش كردووە، چەندین دەیە دەبێت سەركردە كوردییەكان خەریكی ململانێیو شەڕی ناوخۆین، تەنانەت ململانێكان بەشێوەیەكە، لەنێو بنەماڵەی بارزانیش، كە لەیەك خانەوادە پێكهاتوون كێشە هەیەو شەڕی سڕینەوەی یەكتری دەكەن.
یەعیری باسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانیشی كردووەو دەڵێت: سەركردە كوردەكان گوێیان لەئامۆژگاری دۆستەكانیان نەگرتو ریفراندۆمیان لە ساڵی 2017 ئەنجامداو بەو هۆیەشەوە نیوەی ئەو خاكەیان لەدەستدا، كە لەشەڕی داعش بەخوێن دەستیان خستبوو.
نووسەر باسی لەهێرشی سوپای توركیاش بۆ سەر خاكی هەرێم دەكاتو دەڵێت: ئۆپەراسیۆنەكەی ئەم دواییەی سوپای توركیا بووەتە هۆی داگیركردنی چەند ناوچەیەكی هەرێمو ئەستەمیشە سوپاكە بەم نزیكانە ئەو ناوچانە چۆڵ بكات.
نووسەر پێیوانییە كوردەكان بتوانن لەماوەی داهاتوو تەبا بنو واز لەململانێكان بهێننو چونكە ناكۆكی نێوان پارتە سیاسییەكان بەردەوام لەهەڵكشاندانو ئەوەشی بەمەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێمی كوردستان ناوبردووە.