پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
جموجوڵی ھاتووچۆ لە شاری سلێمانی بەپێی پلانێکی نوێ رێکدەخرێتەوە و لە شەقام و رێگەو بانەکانی شارەکە رێگری لە زیادەڕۆیی و راوەستانی ئوتومبێل لە شوێنی قەدەغەکراو دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنج شەممە لە دیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ فازل نامیق بەڕێوەبەری نوێی ھاتووچۆی رۆژئاوای ناوشاری سلێمانی و فایەق خدر بەڕێوەبەری نوێی ھاتووچۆی رۆژھەڵاتی ناوشاری سلێمانی و لێپرسراوی بەشی زیادەڕۆیی لە شارەوانی سلێمانی و بەپرسانی دیکەی پەیوەندیدار کۆبووەوە.
لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا گفتووگۆ لەبارەی پلانێکی نوێ کرا بۆ رێکخستنەوەی جموجوڵی ھاتووچۆ لە ناو بازاڕ و شەقام و رێگەوبانەکانی شارەکە، بەپێی پلانە نوێکە، تیمەکانی ھاتووچۆ بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزەکانی پۆلیس و تیمەکانی شارەوانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کاردەکەن بۆ لابردنی ئەو ئاستەنگانەی کە لەسەر شەقامەکان بەھۆی راوەستانی ئوتومبێل بە شێوەی نایاسایی و زیادەڕۆییەکانەوە دروست دەبن.
بەپێی راگەیەندراوەکەی قائیمقامییەتی سلێمانی، ئامانج لەو گۆڕانکارییانە رێکخستنەوەی سیستمی ھاتووچۆ و جموجوڵی ئوتومبێل و ھاتووچۆی ھاوڵاتیانە لە سەرجەم شەقام و رێگەوبانەکانی سلێمانی و کارئاسانییە بۆ ھاوڵاتیان و کاسب کاران.