سكاڵا لەسەر كۆمپانیای كۆكردنەوەی خاشاكی كۆیە تۆماركرا

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

هەریەك لە قائیمقامیەتی قەزای كۆیەو شارەوانی كۆیە  بەهۆی جێبەجێنەكردنی كارەكانی و پاكنەكردنەوەی قەزاكە لەخۆڵ و خاشاك و بایكۆتكردنی دەوامیان داوای یاسایی لەسەر كۆمپانیای پاپا گروپ تۆماردەكەن.

تارق جەلال قائیمقامی قەزای كۆیە بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، ماوەیەكە ئەو كۆمپانیایەی پاكردنەوەی قەزاكەی لەئەستۆدایە بەهۆكاری ئەوەی كە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزارەوە پارەی چەند مانگی كرێكارەكانی بۆخەرجناكرێت كارەكانیان ئەنجام نادەن و ئەوەش وایكردووە خۆڵ و خاشاكێكی زۆر لەناو قەزاكەدا كۆببێتەوەو سیمای كۆیە ناشرین بكات و هاوڵاتیان باجەكەی بدەن.

وتیشی، هەرچەندە هەوڵمانداوە و قسەمانكردووە لەگەڵیان تا كارەكانیان دەست پێبكەنەوە بەڵام ئەوان كێشەیان هەیە دەبێت یاسا یەكلایی بكاتەوە بۆیەكلایی كردنەوی كێشەكەش نابێت هاوڵاتیان باجەكەی بدەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمرۆَ 15ی ئابی 2021 لەدادگای كۆیە لای داواكاری گشتی داوای یاساییان تۆماركردووە تا دادگا كێشەی نێوان وەزارەتی شارەوانی و كۆمپانیای پاپاگروپ یەكلایی بكاتەوەو كاملایان كەمتەرخەمبوون باجەكەی بدەن.

هاوكات، محەمەد میرحاج، سەرۆكی شارەوانی كۆیە بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، وەك شارەوانی كۆیە سبەینێ‌ 16ی ئاب داوای یاسایی لەسەر كۆمپانیای پاپا گروپ تایبەت بەپاكردنەوەی خۆڵ و خاشاكی قەزای كۆیە تۆماردەكەن لەبەر ئەوەی ئەركەكانیان وەك خۆی جێبەجێنەكردووە.

وتیشی، بەپێی گرێبەستی نێوان كۆمپانیای پاككەرەوە و وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار كۆمپانیاكە دەبێت رۆژانە تەواوی قەزای كۆیە لەخۆڵ و خاشاك پاك بكاتەوەو سەوزكردن و ئاودانی ناوەندی شەقامەكان لەئەستۆ بگرێت و كارگەی ریسایكلین بۆ قەزاكە دروست بكات و هەندێك لەئامێرەكانی بدات بەشارەوانی بەڵام جگە لەكۆكردنەوی خۆڵ و خاشاك ئەركەكانی دیكەی جێبەجێنەكردووە.

بەوتەی سەرۆكی شارەوانی كۆیە، رۆژانە 140 بۆ 180 تەن خۆڵ و خاشاك لەناو سنوری قەزای كۆیە كۆدەبێتەوە ئەوەش زیانی گەورەی بە ئاوهەوا و سروشتی كۆیە گەیاندووە.

باسی لەوەشكرد، شارەوانی كۆیە هیچ بودجەیەكی تایبەت و كرێكارو ژینگە پارێزێك و كارمەندێ نییە تایبەت بەپاككردنەوە و بۆ كۆمپانیاكەش مانگانە بە398 ملیۆن دینار كۆیە لەخۆڵ و خاشاك پاكدەكاتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەسەر شەقامەكانی كۆیە زیڵ وخۆڵ و خاشاكێكی زۆر كۆبووەتەوە و هاوڵاتیانی كۆیەش داوا دەكەن لەوەزارەتی شارەوانی كەبەزووترین كات كیشەكەیەیان بۆ چارەسەر بكات.

پێشتریش، رەوەند بەكر سەرپەرشتیاری كارمەندانی پاپاگروپ لە تەقتەق بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند “كارمەندانی بەشی كۆكردنەوەی خۆڵ وخاشاك بایكۆتی دەوامیان راگەیاندووە، بەهۆی دواكەوتنی موچەكانیان”.

كۆمپانیایەی پاپاگروپ گرێبەستی هەیە لەگەڵ حكومەت بۆ پاكردنەوەی قەزاكەی كۆیە لەساڵی 2011 گرێبەستی كردووە بۆ ماوەی 10 ساڵ و لەمساڵدا گرێبەستەكەی كۆتایی هاتووە بەوهۆیەشەوە هیچ پەیوەندییەك لەنێوان حكومەت و كۆمپانیاكەدا نەماوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا