گرنگی پێكهێنانی ژورە هاوبەشەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئاشكرادەكرێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە فەرماندەییی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشەكان ڕایدەگەیەنێت “لەوەتەی ژوورە ھاوبەشەکان پێک هاتوون، کاریگەریی باشیان لەسەر جووڵەی داعش ھەبووە و بڕیار دراوە لە ھەرشوێنێک جووڵەی داعش ھەبێت ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش بەڕێوەببرێت”.

لەماوەی رابردوودا وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق بەهەماهەنگی چوار ژوری هاوبەشیان لەناوچەكانی هەرێمی كوردستان كردەوە، بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەش پێكهێنانی ئەو ژورانە كاریگەری باشیان بۆ كەمبونەوەی جوڵەی داعش هەبووە لەوناوچانەی بۆشایی ئەمنی هەبوو.

لیوا عەبدولخالق تەلعەت، نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە فەرماندەییی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند: “لە عێراق ئەم مانگە 23 ئۆپەراسیۆن لە ناوچە جیا جیاکان بەڕێوە چووە، بەڵام ئەمە تەنھا لە شوێنێک نییە، جگە لەوەش چەندین ئۆپەراسیۆنی دیكە لەناوچەكانی هەرێم ئەنجامدراوە”.

وتیشی “پێکهاتنی ژووری ھاوبەشی عێراق و ھەرێم لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا وای کردووە کە کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر جووڵەی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان ھەبێت، بەڵام داعش تەواو نەبووە، ژوورەكانیش ئەو شوێنانە دیاری دەکەن کە پێویستیان بە ئۆپەراسیۆن ھەیە و جموجۆڵی داعشیاتێدایە”.

بەوتەی نوێنەرەكەی ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق بڕیار دراوە لە ھەرشوێنێک زانیاری لەبارەی داعشەوە بدرێت، ئۆپەراسیۆن بەڕێوە بچێت، ھەربۆیە دەستبەکاربوونی چوار ژووری ھاوبەش کارێکی باش بوو و سوودێکی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستانی ھەیە، لەبەر ئەوەی کاری ئەو ژوورانە کۆکردنەوەی زانیارییە لە ھەموو شوێنەکان و دەیدەنە فەرماندەییی ئۆپەراسیۆن و دواتر ئۆپەراسیۆن لەلایەن پێشمەرگە و سوپاوە بە ھاوکاریی ھاوپەیمانان بەڕێوە دەچێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا