سەرکردەیەکی میلیشیا شیعەکان نهێنییەکی مەترسیدار لەبارەی کازمیەوە ئاشکرادەکات

پۆڵەتیک پرێس

ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسی ئەمنی کەتائیبی حزبوڵـڵا لەبارەی ئەو خۆپیشاندانەی بڕیارە ئەمڕۆ لەعێراق دەستپێبکات، رۆڵی نهێنی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرا دەکات بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق.

ئەبو عەلی عەسکەری لەتویتێکدا رایگەیاند، “ئاشکرایە ئامانجی ئەم خۆپیشاندانە دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە لەپێناو درێژکردنەوەی ماوەی حکومەتەکەی کازمی و تیمەکەی کە دەستیان بەخوێن و پارە و دامەزراندن پیسبووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “بەسە بازرگانیکردن بەڕۆڵەکانمەوە و هێنانی گەندەڵی و کاولکاری بۆسەر ئەم زەوییە، وتیشی، پێویستە ئاشکراکردنی بکوژان و سزادانیان لەچوارچێوەی یاسایی و تەنانەت لەچوارچێوەی عەشایەری و شەرعیدا بێت و خوێنی بێتاوانەکان نەخرێتە خزمەتی حزبەکانی دەسەڵات و گەندەڵی”.

لەدرێژەدا ئەبو عەلی عەسکەری باسی لەوەکرد، “پێویستە برایانی حەشدی شەعبی و بەرهەڵستی عێراق ئەو گەنجانە بپارێزن کە بەهەموو شێوەیەک فریودراون و وەک یارییەک لەدەستی دوژمندا بەجێیان نەهێڵن، وەکچۆن دەبێت فشاری زیاتر بخەنەسەر نەمانی هێزە ئەمریکی و بەریتانییەکان لەعێراق و پڕۆژە تێکدەرانەکانی ئالسعود و کوڕەکانی زاید لەناوببەن و دەستی هەواڵگرییەکانیان ببڕن”.

ئەمڕۆ سێشەممە بڕیارە خۆپیشاندانی جەماوەری لەبەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق لەژێر دروشمی “کێ کوشتمی؟” بەڕێوەبچێت کە ئامانج لێی فشارخستنەسەر دەسەڵاتدارانە بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەس و لایەنانەی لەکوشتنی چالاکوانان و خۆپیشاندەران تێوەگلاون تا رادەستی یاسا بکرێن.

شەوی دووشەمەش سەرچاوەیەک لەهێزەکانی پۆلیس رایگەیاند، لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی خۆپیشاندانەکان هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەشەقامەکانی بەغدا بڵاوەیان پێکراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا