پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیمانیدا، ساڵی 2021 ببێتە ساڵی ئاشکراکردنی دۆسیەی گەندەڵییە گەورەکان و وتی: عێراق هیچ گەشەسەندنێکی بەخۆیەوە نەبینیوە، لەبری ئەوە، لەماوەی چەند دەیەی رابردوودا، پیشەسازی و کشتوکاڵ و پەروەردە و سیستمی تەندروستییەکەی وێران کراوە و ئابووری عێراق ملکەچی نرخی نەوت بووە.
کازمی بەپێی وتەی خۆی، لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ روبەروبوونەوەی گەندەڵی و تاوانەکان، لەم سۆنگەیەشەوە، بۆ یەکەم جارە سەرکردە و بەرپرسە گەورەکان خۆیان لە زینداندا دەبیننەوە و هیچ حزب و کەسێک ناتوانێت بیانپارێزێت، کازمی پلان بۆ ئەوە دادەنێت ساڵی 2021 ببێتە ساڵی ئاشکراکردنی گەندەڵییەکان، بەتایبەتیش ئەو گەندەڵیانەی کاریان کردووەتەسەر ئابووری و گەشەسەندنی عێراق.
بۆ یەکەم جارە سەرکردە و بەرپرسە گەورەکان خۆیان لە زینداندا دەبیننەوە
لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئایا بەڕاستی کازمی دەتوانێت عێراق لەو نەهامەتییە دەربهێنێت کە ساڵانێکە بەهۆی خراپی سیستمی ئابووری وڵاتەوە رووبەڕووی بووەتەوە؟ لەمبارەیەوە، بەشێک لە هاوڵاتیان کازمی وەک هیوا و رزگارکەر دەبینن، بەڵام بەشێکی دیکە لە عێراقییەکان پێیانوایە، ئەمەی کازمی تەنیا خۆدەرخستنە و ئامادەکارییە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.
چەند سەرچاوەیەک ئاماژە بەوە دەکەن، نوسینگەی کازمی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بنکەی دەستبەسەرکردنی تایبەتی ئامادەکردووە بەمەبەستی درێژەدان بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی لە دۆسیەی گەندەڵییەوە تێوەگلاون، لە ناویشیاندا، شاکر ئەلزاملی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی بەغدا و ئەحمەد ساعدی بەڕێوەبەری فەرمانگەی گشتی خانەنشینی و چەند بەرپرسێکی دیکە.
کازمی لە ماوی رابردوودا باسی لەوە کرد، قەیرانی دارایی کاریگەری راستەوخۆی لەسەر هاوڵاتیانی عێراق داناوە و دەبێت مافەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە، وتیشی: بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە قەیرانێکی گەورە بۆ ئابووری جیهان، بەڵام بۆ عێراق، دۆخەکە چەند هێندە سەخت بوو، چونکە حکومەتەکانی رابردوو هیچ پلانێکیان بۆ قەیرانی لەم چەشنە دانەناوە.
ئایا بەڕاستی کازمی دەتوانێت عێراق لەو نەهامەتییە دەربهێنێت کە ساڵانێکە بەهۆی خراپی سیستمی ئابووری وڵاتەوە رووبەڕووی بووەتەوە؟
پێشتریش، جەمال حەمداوی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، 333 بەرپرس بە دۆسیەی گەندەڵی تۆمەتبارن و لەو رێژەیەش، بیست کەسیان پۆستی وەزیری پێشووتریان هەبووە و دادگایی دەکرێن.
پێکهاتەی کارگێڕی عیراق پێکهاتووە لە دوو دەزگای سەرەکی روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی کە ئەوانیش، دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاکییە و پێویست دەکات ئەم دوو دەزگایە سەربەخۆبن، بەڵام لە راستیدا لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتدان.
بەپێی رای شارەزایان، قسەکانی حەمداوی لەبارەی روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق چەندین مانایان لەخۆگرتووە، بەتایبەت کە تۆمەتەکان ئاراستەی ئەو سەرکردانە کراون کە پێشتر لە پۆستی حکومیدا بوون و لە ئێستادا لە دەرەوەی وڵاتن و سەرجەم پارە و سامانەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە و لە دەرەوە دەوڵەمەند بوون، بۆیە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنیان وەک نوکتەیەک دێتەپێشچاو.
روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی لە بڕینی باڵی ئێرانەوە دەستپێدەکات لە عێراق
بەپێی چەند سەرچاوەیەک، میلیشیاکانی سەر بە ئێران و بەرپرسە شیعە دڵسۆزەکانی ئێران، رێگری دەکەن لە روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، بەپێی چەند زانیارییەکی نافەرمی، ئەو میلیشیایانە بەشێکی گەورەیان لە کەرتە جیاوازە حکومییەکان داگیرکردووە لەوانەش، بەڵێندەرایەتیەکان و گواستنەوەی دەریایی و زەمینی و ئاسمانی، هاوکات، هەناردەی دەرمان و نەوت، ئەمانەش بە ملیۆنان دۆلار بۆ میلیشیاکانی ئێران دەستەبەر دەکەن و خەرجییەکانیانی پێ پڕ دەکەنەوە.
زۆرێک لە سیاسییەکان دەڵێن: حکومەتی عێراق دەزانێت روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی لە بڕینی باڵی ئێرانەوە دەستپێدەکات لە عێراق، بۆ ئەمەش پێویستە هەریەکە لە نوری مالکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری سەرۆکی رێکخراوی بەدر و فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و قەیس خەزعەلی و پیاوانی دیکەی تاران لە بەغدا دەستگیربکرێن.