پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
کۆنگرێسی ئەمریکا لەبارەی قەدەخەکردنی پلاتفۆرمی تیکتۆک بە زۆرینەی دەنگی ئەندامەکانی، بڕیاریدا بە پەسەندکردنی پرۆژەیاسایەک کە دەکرێت ببێتە هۆی قەدەخەکردنی ئەپەکە لە ئەمریکا.
رۆژی سێشەممە 23ی نیسان (بەکاتی ئەمریکا)، کۆنگرێسی ئەمریکا بە دەنگی بەڵێی 79 ئەندامی کۆنگرێس بەرامبەر بە 18 دەنگی نەخێر، بڕیاریدا ئەگەر کۆمپانیای (بایتدانس)ـی خاوەندی پلاتفۆرمی تیکتۆک لەماوەی نۆ مانگدا ئەپەکە بە کۆمپانیایەکی ئەمریکی نەفرۆشێت، ئەوان سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی تیکتۆک لە ئەمریکا قەدەخەدەکرێت.
پاش پەسندکردنی، راستەوخۆ پرۆژەیاساکە دەنێردرێت بۆ جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەویش چەندین جار جەختی لە ئامادەیی خۆی بۆ واژۆکردنی کردووەتەوە.
حکومەتی ئەمریکا تیکتۆک تۆمەتبار دەکات بە هاوبەشیپێکردنی داتا و زانیارییەکانی بەکارهێنەران لەگەڵ حکومەتی چین، هەروەها بەکارهێنانی ئەو داتا و زانیارییانە بۆ درووستکردن و ئاراستەکردنی شەپۆلی ئەجێندای سیاسیی و سانسۆرکردنیان لەبەرژەوەندی حکومەتی چین.
شو زی چوو، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە چەندین جار لەبەردەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و کۆنگرێسی ئەو وڵاتە تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە و بەڵێنی ئەوەیداوە کە “داتاکان بەشێوەیەکی رەها سەلامەت و هیچ هاوبەشێکی لایەنی سێیەم دەستوەردان لە داتا و زانیارییەکان ناکات”.
تیکتۆک لە ساڵی 2012 لەلایەن کۆمپانیای بایتدانسی چینییەوە دامەزراوە و لە ئیستادا نزیکەی یەک ملیار بەکارهێنەری لە سەرانسەری جیهاندا هەیە و 150 ملیۆن کەسیش لەو ژمارەیە، بەتەنیا بەکارهێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.